بلینكن: چاومان لە رێككەوتنێكی تۆكمەیە لەگەڵ ئێران، كە مووشكەكانیش بگرێتە خۆی

بلینكن: ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئێران دایە

بلینكن: چاومان لە رێككەوتنێكی توكمەیە لەگەڵ ئێران مووشكەكانیش بگرێتە خۆی
بلینكن: چاومان لە رێككەوتنێكی توكمەیە لەگەڵ ئێران مووشكەكانیش بگرێتە خۆی

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی چاوی بڕیوەتە رێككەوتنێكی تۆكمە لەگەڵ ئێران، كە مووشەكە بالیستییەكان و چالاكییە لەرزۆككارەكانی سەقامگیری ناوچەكە لە خۆ بگرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی.

لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەسەروبەندی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە برۆكسل، بلینكن گوتی: ئیدارەی ئەمەریكا چاوی بڕیوەتە دانووستان لەسەر رێككەوتنێكی گشتگیر.

ھەروەھا گوتی: "بە ئەرێنی وەڵامی پێشنیازی یەكێتی ئەوروپامان دایەوە لە بارەی گەڕانەوە بۆ دانوستانەكان، بەڵام رەتیكردەوە ئێران كۆبوونەوە ئەنجام بدات، بۆیە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەو دایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، جەختیكردەوە لەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی كێشەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كراوەیە.

بەر لە چەند رۆژێك وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختیكردبوویەوە، وڵاتەكەی لە پێناو كۆبوونەوە لەگەڵ تاراندا سازش ناكات و سزاكانی سەر ئێران ھەڵناگرێت.

تاران چەندین جار لە سەر زمانی بەرپرسانی رەتیكردووەتەوە رێككەوتنی ئەتۆمی بەرفراوان بكرێت بۆ ئەوەی خاڵی دیكەش لەخۆ بگرێت، ھەر سووریش بووە لەسەر ھەڵگرتنی تەواوی سزاكان پێش ئەوەی خۆی واز لە پێشیلكارییەكانی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی بھێننێت.