ئاماری كار و رووداوه‌كانی سی رۆژی نه‌ورۆز له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندرا

ژماره‌ی تاوانه‌كان له‌و سێ رۆژه‌دا و كار و چالاكییه‌كانی تیمه‌كانی خزمه‌تگوزاری و ته‌ندروستی و ئه‌منییه‌كانی خسته‌ڕوو و ژماره‌یه‌ك تاوانباریش ده‌ستگیركراون

بینایه‌ی پارێزگای هه‌ولێر
بینایه‌ی پارێزگای هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر ئاماری كار و چالاكییه‌كانی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی، ته‌ندروستی، پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی له‌ هه‌رسێ رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌ سه‌روماڵی هاووڵاتیان و به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگ و سه‌یرانه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ گه‌شتیاران له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه‌دا، چه‌ندین لیژنه‌ی تایبه‌تیان پێكهێنابوون و پلانه‌كانیش به‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبه‌جێ كران.

وه‌ك له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا نزیكه‌ی 43 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی سنووری پارێزگای هه‌ولێریان كردووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نیا له‌ هه‌رسێ رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز زیاتر له‌ 16 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری هه‌ولێریان كردووه‌ و زۆربه‌یان له‌ شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ هاتوون.

سه‌باره‌ن به‌ دۆخی هاتووچۆش رایگه‌یاند، پلانی ئاماده‌كراو بۆ هه‌رسێ رۆژی جه‌ژن وه‌ك خۆی جێبه‌جێ كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 7 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و به‌هۆیه‌وه‌ 4 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 27ی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌باره‌ی ئه‌ركی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئه‌و تاوانانه‌ش كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه‌دا ئه‌نجامدراون، نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر ئاشكرایكرد، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌ركی خۆیان به‌ به‌رپرسیارانه‌ جێبه‌جێ كرد و له‌و ماوه‌یه‌دا 92 تاوان ئه‌نجامدراون، له‌وانه‌ش 87 تاوان ئاشكرا بوونه‌ و تاوانباران ده‌ستگیركراون و 5 تاوانیش له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان، هاوكات 10 حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و یه‌ك حاڵه‌تی رزگاركردن له‌ خنكان تۆماركراون و هیچ زیانێكی گیانییان به‌دواوه‌ نه‌بوو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ رۆژی جەژنی نەورۆز کە لەلایەن پارێزگاری هەولێر و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێره‌وه‌ ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار، سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، هەروەها دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسودە و سەلامەت لەچونە سەیران و پابەندبونی هاوڵاتییان بەڕێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتیەکان، رۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-

یەکەم/ گەشتوگوزار:

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە رووی گەشتیاران، لە ماوەی یەك ھەفتەی رابردوودا لە 16ی ئازار تاوەکو 23ی ئازار، (42,772) چل و دوو هەزار و حەوت سەد و حەفتا و دوو گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە، کە بەتەنها لە ماوەی سێ رۆژی جەژنی نەورۆز لە 21ی ئازار تاوەکو 23ی ئازار، (16,210) شازدە هەزار و دوو سەد و دە گەشتییار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە، هەروەها کۆی گشتیی هاووڵاتییان و هاوشاریانی پارێزگای ھەولێر، کە چوونەتە سەیران، لەھەر 3 رۆژی جەژنی نەورۆز (490) چوارسەد و نەوەد ھەزار کەس بوونە.  

دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-

پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو بەهەمان شێوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران، بەوشێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاووڵاتیان لەکاتی چوون و گەڕانەوەیان لە سەیرانگه‌کان تووشی ئاستەنگی هاتووچۆی گەورە نەبوون، تەنها قەرەباڵغیەکی ئاسایی لەسەر رێگاکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکاران پەیدابوو، سەبارەت بە رووداوەکان لە 3 رۆژی جەژنی نەورۆز بەداخەوە (7) رووداوی هاتووچۆی مەترسیدار روویاندا، لەنجامیاندا بەداخەوە (27) کەس برینداربون و (4) کەسیشیان گیانیان لەدەستدا. 

سێیەم/ پۆلیسی هەولێر:-

سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیرو گرفت تەواوی بڕگەکان جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوو، لەهەرسێ رۆژی جەژنی نەورۆز ئاماری تاوانەکان بەمشیوەیەی بوو، (92) تاوان تۆمارکراوە، (87) تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران دەستگیرکراون، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

چوارەم/ بەرگری شارستانی:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرك دابوون، لەوماویەشدا (10) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و (1) حاڵەتی رزگارکردن لەخنکان هەبووە، سەرجەم حاڵەتەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووه‌تەوە.    

ویڕای دەستخۆشیمان لەهێزە ئەمنیەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ رۆژی جەژنی نەورۆزدا، لێرەوەش جارێکی تر وەکو پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە، وەك هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بە هەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو رۆژ دەخەینە سەریەك بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان و دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، جارێکی تر سوپاس بۆ یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و تیمەکانی شارەوانی، لەسەرجەم قەزا و ناحییەکان، کە لە سێ رۆژی نەورۆزدا رێگریانکرد لە ئەنجامدانی سەرپێچی و دروستکردنی زێدەڕۆیی، کە بەداخەوە چەند کەسێکی نابەپرس بە قۆستنەوەی رۆژانی پشووی جەژنی نەورۆز بەنیازبوون زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی ئەنجامبدەن.   

لەکۆتایدا سەرەڕایی هەموو ئەو ئامادەکاری و ماندووبوونەی تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لە سێ رۆژەی جەژنی نەورۆز کرابوون لەپێناو پاراستن و هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان، بۆ خۆپارێزی و پارێزگاریکردن لە ژینگە، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان بەو شێوەیه‌ی چاوەڕان دەکرا لێیان بەبێ رەچاوکردنی ئەو دۆخە هەستیارەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووچاری هاتووین، پابەند نەبوون لەجێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی و پاك راگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەکان، کە بەداخەوە ئەم پابەندنەبوونەشیان وایکرد ژینگەی سەیرانگا و شوێنەگشتییەکان پیس بکرێت و دۆخی تەندروستییش لەشارەکەمان سەختتر بێت.                                                                     

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر

H.B