باڵیۆزی ئەمەریكا: ھەر دانوستانێكی داھاتوو لەگەڵ ئێران رەوشی عێراقیش دەگرێتە خۆی
K24 – ھەولێر:
باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ماتیو تولەر ئاشكرایكرد، ھەر دانووستانێكی داھاتوو لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی رەوشی عێراقیش لە خۆدەگرێت ھەروەھا پرسی گروپە چەكدارەكانی سەر بە تارانیش دەگرێتەوە، كە كار بۆ ناسەقامگیری ئەو وڵاتە دەكەن.
تولەر لە كۆڕێكدا لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق جەختیكردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن بەنیازە رەفتاری گروپە چەكدارەكان، كە سەقامگیری عێراق و ناوچەكەد تێكدەدەن، ھەروەھا بەرنامەی مووشەكە بالیستییەكانی ئێران بخاتە نێو دانوستانەكانی داھاتووی ئەتۆمی بەبێ ئەوەی قوربانی بەسەروەری عێراق بدات.
باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق نیگەرانی واشنتنی دەربڕی لەمەڕ چەند بارەبوونەوەی بە ئامانجكردنی نێردە دیپلۆماسییەكەی لەسەر خاكی عێراق لە میانی ئەو مووشەكانەی ناوچەی سەوز یان بنكەكانی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج.
تولەر گوتی: پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق ئەركەكانی خۆی جێبەجێبكات بۆ پاراستنی نێردە بیانییەكان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەوھێرشانەی دەكرێنە سەر نێردە دیپلۆماسییەكان.