میلیشیاكان له‌ناو جه‌رگه‌ی به‌غدا هه‌ڕه‌شه له كازمی ده‌كه‌ن
باره‌گای به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی عێراقیشیان گه‌مارۆداوه.. رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك چه‌كدارای میلیشیای "ربع الله" له به‌غدا، مانۆرێكی سه‌ربازییان ئه‌نجامدا و به جلوبه‌رگ و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی، له‌ناو شه‌قامه‌كانی به‌غدای پایته‌ختی عێراقدا سووڕانه‌وه.
چه‌كدارانی ئه‌و گرووپه میلیشیاییه، وێنه‌یه‌كی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراقیان به‌رزكردووه‌ته‌وه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ڕه‌شه‌كه‌یان، له وێنه‌كه‌دا مقه‌ستێكیان له نزیك گوێی كازمی داناوه و و له‌سه‌ریان نووسیوه: "كاتی ئه‌وه هاتووه گوێی ببڕین".

به گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی گرووپه‌كانی نزیك له‌و ملیشیایه بڵاویانكردووه‌ته‌وه، ژماره‌ی چه‌كداران گرووپه‌كه یه‌كجار زۆرن و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌غدا كێشه‌یان بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانیش دروست كردووه.
هه‌ڕه‌شه و مانۆری سه‌ربازی میلیشیای "ربع الله" له‌كاتێكدایه، كه بڕیاره لووتكه‌ی نێوان عێراق و میسر و ئوردن له به‌غدا به‌ڕێوه‌بچێت، پێشتریش سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندبوو، عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی تێپه‌ڕاندووه و ئێستا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر شانده دیپلۆماتییه‌كان نییه كه دێنه عێراق.
چه‌كدارانی میلیشیاكه راگه‌یه‌ندراوێكیشیان بڵاوكردووه‌ته‌وه، وێڕای هه‌ڕه‌شه‌كردن له كازمی، چه‌ند داوایه‌كیشیان كردووه، وه‌كو: په‌سه‌ند كردنی بودجه، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌های دۆلار وه‌كو پێشوو، نه‌ناردنی به‌شه بودجه بۆ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیكیش له‌و گرووپه میلیشیایه بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه چه‌كداران و هێزه‌كانی میلیشیاكه گه‌مارۆی باره‌گای مانه‌وه‌ی لیوا ئه‌حمه‌د ئه‌بو ره‌غیف جێگری سه‌رۆكی هه‌واڵگری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیان داوه، له‌كاتی مانۆره‌كه‌شیاندا، وێنه‌ی ئه‌بو ره‌غیفیشیان خستووه‌ته ژێر پێ.

لای خۆیشیه‌وه ئه‌حمه‌د ئه‌بو ره‌غیف، چه‌ند وێنه‌یه‌كی خۆی له‌ناو شه‌قامه‌كانی به‌غدا بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "له‌كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌غدای پایته‌خت"، كه وه‌ك وه‌ڵامێكه بۆ مانۆری ئه‌و میلیشیایه.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه، كه‌ناڵی "الشرقیة نیوز"ی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه، 7 گرووپی میلشیایی رێككه‌وتوون له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق رایانگه‌یاندبوو.
میلیشیای "ربع الله" تا ئێستا دیار نییه كێ سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات، پێشتریش له‌ناو به‌غدا هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر چه‌ند شوێنێك و رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020یش باره‌گای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستانیان له به‌غدا سووتاند.