توركیا پێشوازی لە گوتاری یەكێتی ئەوروپا كرد و رەخنەكانیشی رەتكردەوە

وەزارەتی دەرەوە توركیا، یەكێتی ئەوروپای تۆمەتباركرد بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی

توركیا پێشوازی لە گوتاری یەكێتی ئەوروپاكرد و رەخنەكانیشی رەتكردەوە
توركیا پێشوازی لە گوتاری یەكێتی ئەوروپاكرد و رەخنەكانیشی رەتكردەوە

K24 – ھەولێر:

توركیا پێشوازیی لە ھەوڵ و گوتاری یەكێتی ئەوروپا كرد لەبارەی فەراھەمكردنی كەشوھەوای ئەرێنی لە نێوان ئەنقەرە و ئەوروپادا، بەڵام ئەو رەخنانەی رەتكردەوە، كە لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە ئاراستەی كرابوون سەبارەت بە چالاكییەكانی ئەنقەرە لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئومێد دەكات ئەو ھەنگاوە مەرجدارانەی یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت بگرێتە بەر نەبنە مایەی كەمكردنەوەی گەرموگوڕی ئەرێنی" بۆ گەشەسەندنەوەی پەیوەندییەكان.

وەزارەتی دەرەوە توركیا، یەكێتی ئەوروپای تۆمەتباركرد بە "پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی دوای ئەوەی كردەوەكانی توركیای لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستی بە نایاسایی و ناڕەوا وەسفكرد".

دوێنێ پێنجشەممە، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا بەڵێنی خۆیان بەجێگەیاند، كە لە ساڵی 2016 دابوویان لەمەڕ قوڵكردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ توركیا، بەڵام ھاوكات ھۆشداریشیان دا لە سەپاندنی سزاكان بەسەریدا، ئەگەر دەستبكاتەوە بە گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت و غازدا لە ناوچە ململانێ لەسەرەكان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا لە لوتكەكەدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا، بەو مەرجەی لە "رێرەوی ئێستای پاشگەزبوونەوە لە ھەڵچوون" بەردەوام بێت.

لە دەرئەنجامەكانی لوتكەكە ھاتووە، "یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ توركیا بكات بەشێوازێكی قۆناغی و پەیتا پەیتا، كە دەكرێت پێچەوانەش ببێتەوە، ھەروەھا یەكێتی ئەوروپا توركیای خستە ژێر چاودێرییەوە لە رووی پەیڕەوكردنی مەرجەكانی ئەوروپا لەبارەی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان.