واشنتن دوو پێگەی ئەلیكترۆنیی سەر بە میلیشیاكانی سەر بە "كەتایب حزبوڵڵای"ی عێراقی داخست
دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر ھات لە ئەنجامدانی نمایشێكی میلیشیاكانی چەكدار لە ناوەڕاستی شاری بەغدای پایتەختی عێراق
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی دادی ئەمەریكا، ئەمڕۆ ھەینی جەختیكردەوە لە سەر دەستبەسەرداگرتن و داخستنی دوو پێگەی ئەلیكترۆنیی سەر بە میلیشیاكانی "كەتایب حزبوڵڵا"ی عێراق، ئەم ھەنگاوەی ئەمەریكا دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر ھات لە ئەنجامدانی نمایشێكی میلیشیاكانی چەكدار لە ناوەڕاستی شاری بەغدای پایتەختی عێراق.
بەپێی كەناڵی "الحرة"ی ئەمەریكایی، وەزارەتی دادی ئەمەریكا دەستی بەسەر دوو پێگە ("rmn.net" و"المعلومة" داگرت و دایخستن بە ھۆی بەكارھێنانیان بەشێوەیەكی نایاسایی لە لایەن میلیشیاكانی "كەتایب حزبوڵڵای" عێراقی، كە واشنتن وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بیانی پۆلینی كردووە.
كاربەڕێكەری داواكاری گشتی ئەمەریكا بۆ ناوچەی رۆژھەڵاتی ڤیرجینیا، راج باریك گوتی: "نابێت ئینتەرنێت بەكاربھێنرێت بۆ بەسەربازیكردن لە لایەن رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە بۆ پڕۆپاگندەكردن بۆ توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی گوتاری رق وكینەی تایبەت بە خۆیان"، گوتیشی: "ئێمە پابەندین بە راوەستان لە تەك ھاوبەشەكانمان لە جێبەجێكردنی یاسا بە بەكارھێنانی تەواوی سەرچاوەكانی دەستەبەر بۆ لە ناوبردنی تیرۆر.
ھەروەھا كیڤن كۆرلاند، بەرپرس لە نووسینگەی پیشەسازی و ئەمن جەختیكردەوە لەوەی "دەستكیسە تایبەتمەندەكانمان ھەموو كەرەسەتەیەكی دەستەبەر بەكاردێنن بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ئەمەریكایی لە كارە توندەكانی تیرۆریستی، كە لە لایەن سەكۆكانی ئینتەرنێتەوە سروش دەكرێن و ئاراستە دەكرێن". دواتر گوتی: بەردەوام دەبین لە لەكارخستنی رێكخراوە تیرۆریستییە بیانییەكان وەك كەتایبەكانی حزبوڵڵای و ھەوڵەكانیان بۆ بەكارھێنانی ژێرخانی سیبرانی ئەمەریكایی بۆ زیانگەیاندن بە ئەمنی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتووەكان".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، میلیشیاكانی "كەتایبی حزبوڵڵا"ی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستیی مەترسیدار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان پۆلین كردبوو.
ساڵی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمەریكای دەستی بەسەر دوو پێگەی ئەلیكترۆنیی سەر بە كەناڵی "الاتجاە" داگرت كە لایەن میلیشیاكانی "كەتایب حزبوڵڵا" پارەدار دەكرا، روونیشیكردبووە، ئەو دوو پێگە وەك باڵی راگەیاندنی میلیشیاكانی كار دەكەن لە میانی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆ، گوتار و ئەو وێنانەی بو بەھێزكردنی ئەجێنداكەی دارێژراون، بە ئامانجی شلەژاندنی سەقامگیری عێراق و بەسەربازیكردنی كەسانی دیكە بۆ ئەوەی بچنە نێو رێزەكانییەوە، دواتر میلیشیاكان پێگەیەكی دیكەی نوێیان بۆ كەناڵی "الاتجاە" درووستكرد".
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كەتایبەكانی حزبوڵڵا تۆمەتبار دەكات بە بەئامانجكردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و ئەو بنكە سەربازییە عێراقیانەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرنە خۆی یان ئەو كاروانانەی ھاوكارن لەگەڵ ھاوپەیمانیدا.
كەتایبەكانی حزبوڵڵا دەزگاكانی راگەیاندن و پێگە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەھێنن بۆ داوای دەرخستنی ھێزە بییانییەكان بە تایبەتی ئەمەریكای لە عێراق.
پێنجشەممە فازل جابر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ھاوپەیمانی فەتح (باڵی سیاسی حەشدی شەعبی) داوای فشارخستنە سەر حكومەتی كرد بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق لە بارەی دەرخستنی ھێزەكانی ئەمەریكا. ئاماژەشیكردبوو، ستراتیجییەتی واشنتن لە عێراق ئامانجی مانەوەی ھێزەكانی ھەیە لە وڵاتدا بۆ ماوەیەكی درێژ خایەن، گوتیشی : تەنھا پشت بەستن بە حكومەت ھیچ سوودی نابێت بەبێ فشاری پەرلەمانی.
میلیشیا چەكدارەكانی، كە ناویان لە خۆ ناوە "رەبعوڵڵا" و بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكان بە یەكێكە لە رووەكانی كۆمەڵەی "كەتایب حزبوڵڵا" پۆلینی دەكەن، كە یەكێكە لە میلیشیا ھەرە پەیوەستەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، دوێنێ نمایشێكی چەكدارییان لە نێو بەغدا ئەنجامدا.