کەشتییەکەی نۆکەندی سوێس سەدان ملیۆن دۆلار زیانی هەبووە
K24- هەولێر:
هەوڵەکان بۆ دەرهێنانەوەی کەشتیە ژاپۆنیەکە لە نۆکەندی سوێس بەردەوامن و زیانەکانی بە سەدان ملیۆن دۆلارە.
لە رۆژی سێشەممەوە، کەشتی ''ئێڤەر گرین'' کە ئاڵای پەنەمای لەسەرە و کار بۆ کۆمپانیای شۆی کیسێن کەی کەی ژاپۆنی دەکات لە نۆکەندی سوێس گیریکردووە، کەشتیەکە 400 مەتر درێژە و بەتەواوەتی نۆکەندی سوێسی داخستووە.
زیاتر لە 230 کەشتی بارهەڵگر گیریان کردووە و دەبێ بگەرێنەوە و رێگە کۆنەکە بەکاربهێنن و بەدەوری کیشوەری ئەفریقادا بسووڕێنەوە.
داخرانی نۆکەندی سوێس لە ماوەی 24 کاتژمێردا، زیانی 9 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بە جیهان دەگەێنێت چونکە 10٪ بازرگانی جیهان لەو کەناڵەوە تێدەپەرێت کە نەوت و گاز و کارگۆ دەگرێتەوە.
کۆمپانیا ژاپۆنیەکە دەڵێت: ''تا ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ دەرهێنانەوە و سەرئاوخستنەوەی کەشتیەکەیان شکستیان هێناوە، بۆ ئەوەش داوای لێبوردن دەکەین''.
نۆکەندی سوێس 6 کیلۆمەتر پانە و 193 کیلۆمەتر درێژیەکەیەتی، دەکەوێتە نزیک شاری سوێس لە میسر. دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا پێکەوە دەبەستێتەوە.
لە نێوان ساڵانی 1859 تا 1869 دروستکراوە و بەفەرمی لە 17ی تشرینی دووەمی 1869 کراوەتەوە.
پێشتریش ئەم رێرەوە نێودەوڵەتیە ستراتیژیە چەند جارێک داخراوە. کاتێک جەماڵ عەبدولناسر ساڵی 1956 بڕیاری بە نیشتمانیکردنی دەرکرد، لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیلەوە لە ئۆکتۆبەری 1956 تا مارسی 1957 داخرا.
لە شەڕی 6 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، ساڵی 1967 جارێکی دیکە نۆکەندی سوێس داخرایەوە.
بۆ سێیەم جار و کاتێک میسر لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنێکی نوێی واژوو کرد تا ساڵی 1975 داخرایەوە.
داخرانی ئەم نۆکەندە واتە کەشتیەکان دەبێ کات و پارەیەکی زۆر زیاتر خەرج بکەن تا دەگەنە شوێنی مەبەست و بەدەوری کیشوەری ئەفریقادا بسورێنەوە.
ساڵی 2015 عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر نۆکەندەکەی فراونتر کرد و بووە گەورەترین رێرەوی کەشتیە نێودەوڵەتیەکان.
ساڵی 2016 و 2018ش بەهۆی پێکدادانی کەشتیەکانەوە چەند جارێک بۆ چەند کاتژمێرێک سوێس داخراوە. ئەمجارەیان لە رۆژی سێ شەممەوە نۆکەندەکە داخراوە و دیار نیە کەی دەکرێتەوە. تیمێکی تایبەتی هۆڵەندی لە رێگەدان و بریارە 28ی ئەم مانگە بگەنە نۆکەندی سوێس و ئەوانیش هەوڵی خۆیان بدەن بۆ دەرهێناوە و سەرئاوخستنەوەی کەشتیەکە بدەن.