ئیمارات بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرووی هورمز بۆرییەکی نوێی نەوت رادەکێشێت

ئیمارات کار دەکات بۆ تەواوکردنی دووەم بۆری گواستنەوەی نەوت کە کێڵگە ناوخۆییەکان بە بەندەری فوجەیرەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی هەناردەکردنی وزە لە کاتی هەر ئاڵۆزییەکی ناوچەییدا.

حکوومەتی ئیمارات هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری "رۆژاوا-رۆژهەڵات" خێرا کردووە، کە بڕیارە تاوەکو ساڵی 2027 کارەکانی تەواو بکرێت. ئەم پڕۆژەیە بە رێنمایی راستەوخۆی شێخ خالید بن محەمەد بن زاید ئال نهەیان، جێنشینی ئەبوزەبی ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی راپۆرتە ئابوورییەکان، ئەم بۆرییە نوێیە توانای هەناردەکردنی نەوتی ئیمارات لە رێگەی بەندەری فوجەیرە بۆ دوو هێندە زیاد دەکات. گرنگی ئەم هەنگاوە لەوەدایە کە بەندەری فوجەیرە دەکەوێتە سەر دەریای عومان و لە دەرەوەی گەرووی هورمزە، ئەمەش رێگە دەدات نەوتی ئیمارات بەبێ تێپەڕبوون بەو گەرووە ستراتیژییە بگاتە بازاڕەکانی جیهان.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورمز زیادیان کردووە؛ ئەو رێڕەوە ئاوییەی کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و هەر پەککەوتنێک تێیدا دەبێتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە.

ئێستا ئیمارات بۆری "حەبشان-فوجەیرە" (ADCOP) بەکاردەهێنێت کە لە ساڵی 2012ـەوە کەوتووەتە کار و رۆژانە توانای گواستنەوەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام پڕۆژە نوێیەکە توانایەکی زۆر زیاتر و نەرمی لە هەناردەکردندا بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر دەکات.

شارەزایانی وزە ئاماژە بەوە دەدەن، خێراکردنی ئەم پڕۆژەیە پەیوەندی بە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەوە هەیە، بەتایبەت ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە چەند مانگی رابردوودا لە رێڕەوە ئاوییەکاندا روویانداوە. ئەم بۆرییە دڵنیایی دەدات بە کڕیارە گەورەکانی ئاسیا وەک چین، هندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور کە پشتبەستنێکی زۆریان بە نەوتی ناوچەکە هەیە.

بەندەری فوجەیرە بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی لە دەرەوەی کەنداوی عەرەبی، لە ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی کۆگاکردن و دابەشکردنی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان. بەرپرسانی ئیمارات جەخت دەکەنەوە کە پڕۆژەکە بەپێی پلان دەچێتە پێش و لە ساڵی 2027 دەکەوێتە خزمەت کەرتی وزەی ئەو وڵاتە.