وادەی ئاسایی بوونەوەی ئاوی گەڕەكەكانی ھەولێر راگەیەندرا

پڕۆژەكان بەگەڕخراونەتەوە و لە چەند كاتژمێری داھاتوودا ئاو بۆ سەرجەم گەڕەكەكان بەردەدرێتەوە

ئاو
ئاو

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە دوێنێەوە ئەو پڕۆژانەی بەھۆی لێڵ بوونی ئاو كوژانرابوونەوە بە گەڕخراونەتەوە و ئاو بۆ زۆربەی گەڕەكەكان بەردراوەتەوە و لە 16 كاتژمێری داھاتوودا دۆخەكە تەواو ئاسایی دەبێتەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەھۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو لە ناوچە شاخاوییەكان و لێڵ بوونی ئاوی رووبارەكان، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە پڕۆژەكانی ئاوی ئیفراز 1 و 2 و 3 و قەندیل كوژێندرانەوە، دوای 36 تا 38 كاتژمێر نیوەڕۆی دوێنێ رۆژی ھەینی پڕۆژەكان بەگەڕخرانەوە، ئێستا توانای پڕۆژەكان گەیشتووەتە 75%، ئومێد دەكەین لە چەند كاتژمێری داھاتوودا ئاو لە تەواوی گەڕەكەكان ئاسایی ببێتەوە".

گوتیشی: "پێشبینی دەكرێت لە ماوەی 12 تا 16 كاتژمێری دیكە ئاوی سەرجەم گەڕەكەكان ئاسایی ببێتەوە".

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان، راشیگەیاند: "ئێستا لە وەرزی بەھارداین بەھۆی دابارینی باران زۆرجار ئاو لێڵ دەبێت، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان پێش روودانی ئەو حاڵەتە ئاو لە ماڵەكانیان پڕ بكەن".