ناكۆكی نێوماڵی شیعه بووەتە ھۆی تێنه‌په‌ڕاندنی بودجه‌

به‌شێكی لایه‌نه‌كان نایانه‌وێت بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – ھەولێر:

ململانێی لایەنە شیعەکان و دابەشبوونيان بەسەر دوو ئاراستەدا بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە، چەندین هەڵوێستی دژ بەیەک لە پەرلەمانی عێراقدا هەن و هەندێک لایەن هەن نایانەوێت پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێندرێت بۆ شکستپھێنانى پڕۆژەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق. بەدەر لەو هۆكارانه سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی مەبەستی دیکەی شیعەکان لەسەر پەسەند نەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەخاتە روو.

 ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "بەشێک لە لایەنەکان لەبنەڕەتەوە دژی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەن و دەيانەوێت شکست بە  حكومه‌تی مستەفا کازمی بھێنن.

ئەوەی باودۆخەکەی سەختتر کردووە، داواکاریی بەشێک لە پەرلەمانتارانە، کە بەجێهێنانی ئەو داواکارییانە نە لەدەسەڵاتی لێژنەی داراییدایە و نە لەدەسەڵاتی پەرلەمانیشە. ئەو پەرلەمانتارانە لە داواکاریی خۆیان پاشگەز نابنەوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووەتە مەرجی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق. چاودێرانی سیاسی ھۆشداری لە دۆخی عێراق دەدەن.

ناسیح غەفور، چاودێری سیاسی گوتی: بە پڕۆژەیاسای بودجە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەن وتێنەپەڕاندنیشی کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان نابێت.

لیژنەی دارایی پەرلەمان ئامادەکاری دەکات بۆ تێپەڕاندی پرۆژە یاسای بودجە. پەرلەمانیش رۆژی یەکشەممەی دیاریکردوە بۆ پەسەندکردنی بودجە؛ بەڵام بەشێک لەپەرلەمانتاران، بەتایبەت پەرلەمانتارانی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، داوا دەکەن بەهای دینار بەرز بکرێتەوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بچەسپێندرێت. ئەو بەرزکردنەوەی بەهایەیان کردووە بە مەرجی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە. ئەو داواکارییەی ئەو پەرلەمانتارانەش لەکاتێکدایە، کە دیاریکردنی بەهای دینار تەنیا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی عێراقە، چونکە بەپێی دەستوور، ئەو بانکە خاوەن دەسەڵاتی سەربەخۆیە.