پەیامی سەرەخۆشی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر قەدری یڵدرم

سەرۆك بارزانی: توێژینەوە و هەوڵ و ماندووبوونەكانی دكتۆر قەدری یڵدرم بۆ پێشخستنی زمان و ئەدەب و مێژووی كورد جێگەی پێزانینە

سەرۆك مەسعود بارزانی
سەرۆك مەسعود بارزانی

K24 – ھەولێر:

سەرۆك بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی كەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و ئاكادیمیسیەنی كورد لە باكوور و مامۆستای هەردوو زانكۆی دیاربەكر و ماردین (دكتۆر قەدری یڵدرم) پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو و هەموو ڕۆشنبیرانی كوردستان كرد. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و ئاكادیمیسیەنی كورد لە باكوور و مامۆستای هەردوو زانكۆی دیاربەكر و ماردین (دكتۆر قەدری یڵدرم)ـمان بیست. توێژینەوە و هەوڵ و ماندووبوونەكانی دكتۆر قەدری یڵدرم بۆ پێشخستنی زمان و ئەدەب و مێژووی كورد جێگەی پێزانینە و، لەدەستدانی كەسایەتییەكی وەك دكتۆر قەدری خەسارەتێكی گەورەیە.

سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو و هەموو ڕۆشنبیرانی كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

27ـی ئاداری 2021