لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەكانی سووپای میانمار بەھەزاران كەس بەرەو تایلەند رایانكرد 

ئێستا گوندنشینەكان خۆیان لەناو دارستان حەشارداوە ھەرچەندە زیاتر لە 3 ھەزار كەسیش بەرەو تایلەند رایانكردووە

سنووری نێوان میانمار و تایلەند (ئەرشیف)
سنووری نێوان میانمار و تایلەند (ئەرشیف)

K24 – ھەولێر:

كۆمەڵەیەكی مافی مرۆڤ و دەزگاكانی راگەیاندن گوتیان: ئەمڕۆ یەكشەممە نزیكەی 3 ھەزار گوندنشین لە ویلایەتی كارین لە باشووری رۆژھەڵاتی میانمار بەرەو تایلەند رایانكردووە دوای ئەوەی سوپای ھێرشی ئاسمانی كردە سەر ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی كۆمەڵەكی نژادی چەكدار.

رێكخراوی ژنانی كارین رایانگەیاند، سوپای میانمار ھێرشی ئاسمانییان كردە سەر 5 ناوچە لە دەوروبەری موترۆی نزیك لە سنوور و لەنێوانیاندا كەمپێكی پەنابەران ھەیە.

لە راگەیاندراوێكدا ھاتووە، "ئێستا گوندنشینەكان خۆیان لەناو دارستان حەشارداوە ھەرچەندە زیاتر لە 3 ھەزار كەسیش بەرەو تایلەند رایانكردووە بۆ خۆ پاراستن لە ھێرشە ئاسمانییەكان.

دەستەی گشتی رادیۆی تایلەند گوتی: نزیكەی 3 ھەزار كەس گەیشتوونەتە تایلەند.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"