بەھۆی جوڵانی ستێرنی كەشتییەكە لە كەناڵی سوێس كەشتییە میسرییەكان "ھۆڕن لێدەدەن"

"لاڕێبوونی كەشتییەكە لە ئەنجامی چەندین ھەڵەی بەیەكەوە بوون، و كەشتییەكە ئاراستەیەكی ھەڵەی گرتەبەر"

كەشتی ئێڤەرگرینی گیرخواردوو لە كەناڵی سوێس
كەشتی ئێڤەرگرینی گیرخواردوو لە كەناڵی سوێس

K24 – ھەولێر:

كەشتییەكان لە كەناڵی سوێس ئاھەنگیان گێڕا و كەوتنە ھۆڕن لێدان، دوای ئەوە توانرا ستێرنی كەشتییە لاڕێیەكە بە 30 پلە رزگار بكەن، ھەرچەندە كەشتییەكە بەردەوامە لە داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە.

سەرۆكی دەستەی كەناڵی سوێسی میسری، فەریق ئۆسامە رەبیع رایگەیاندبوو، كاركردن ماوه‌ی 24 كاتژمێر بەردوام دەبێت بۆ سەرئاوخستنەوەی كەشتییە لاڕێیەكە لە كەناڵەكەدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 10 كەشتی راكێشەر و دوو كەشتی كۆڵێینەر كە بە سیستەمی توندكردن و پاڵدان كاردەكەن، هه‌وڵ بۆ رزگاركردنی كەشتییەكە ده‌ده‌ن.

رەبیع گوتی: "توانیمان ستێرنی كەشتییەكە رزگار بكەین و ئێستا 30 پلە چەپ و راست جوڵە دەكات، له‌قێنه‌ره‌كانی كەشتییەكە ئێستا كار دەكەن، ئەمانە به‌ گشتی كاریان نەدەكرد، ئینشائەڵڵا كەشتییە ھەڵكەنەرەكان لە كارەكانیان بەردەوام دەبن و توانییان ئاستێك بۆ ئاو درووستبكەن لە ژێر له‌قێنه‌ره‌كان و ستێرنی كەشتییەكە".

بەردەوامیش بوو و گوتی: "لاڕێبوونی كەشتییەكە لە ئەنجامی چەندین ھەڵەی بەیەكەوە بوون، و كەشتییەكە ئاراستەیەكی ھەڵەی وه‌رگرت".

روونیشیكردەوە، "كەشتییەكە درێژایی 400 مەترە و پانی ئه‌و كەناڵە لەو شوێنە ته‌نها 250 مەترە، لێرە ئەگەری درووستبوونی ھەڵە ھەیە، ھۆی سەرەكیشی لەوانەیە رەشەبا بێت یان ھەڵەیەكی مرۆڤی یان تەكنیكی بكرێت.. لێكۆڵینەوەكانیش بۆ ئاشكراكردنی ئەو ھەڵەیە به‌رده‌وامن.

Fly Erbil Advertisment