رێبوار تاڵەبانی: ئەوەی حزبە كوردستانییەكان لە كەركووك كردیان داننان و رەواییدانە بەوەی پێشتر و ئێستا لەوێ دەكرێت
رێبوار تاڵەبانی: ئەنجامی ھەڵوێستی حزبە كوردستانییەكان دیارە كەركووك بەرەو كوێ دەچێت
K24 – ھەولێر:
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە میانی بەشداریكردنی لە ژووری ھەواڵی كوردستان24 رایگەیاند، بێ ھەڵوێستی حزبە كوردستانییەكانی كەركووك داننان و رەوای دانە بەو رەوشەی لە كەركووك ھەیە و روودەدات.
رێبوار تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئەوەی رێكان جبووری و لایەنی عەربی و توركمانی داوای سەپاندنی رێژەی 32% بە یەكسانی بۆ عەرەب و كورد و توركمان دەكەن، كە ئایا بیرۆكەی ئەم رێژەیە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ گوتی: پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، دەمەوێت پیرۆزبایی لە ھەرچوار پارچەی كوردستان بكەم بە بۆنەی رۆژی 28ی ئادار، كە لەو رۆژەدا ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرزكرایەوە. ئەو مافەی، كە سەد ساڵ لە كەركووكیان و گەلی كوردستان زەفت كرا بوو و ناسنامەی كوردستانیان لێسەندبووەیەوە، سوپاس بۆ خۆدا لەو رۆژەدا جارێكی دیكە گەڕایەوە و بە كۆی دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاڵای كوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق شەكایەوە و بەرزكرایەوە و كەركووك گەڕایەوە ئامێزی كوردستانی خۆشەویست.
سەبارەی بە رێژەی 32% ھەڵبەتە ھەموومان ئاگادارین، پێش ئەوەی دەستووری عێراق پەسند بكرێت، ئەو كات سەرەتا بوو و ئەمەریكاییەكان دەسەڵاتی رەھایان ھەبوو و زۆر فشارییان دەكرد لەسەر پێكەوە ژیانی سیاسی ھەموو نەتەوەكانی عێراق، دوای 35 ساڵ لە حوكمڕانی رژێمی پێشوو. لە سەرەتاوە ویستیان بەیەكسانی بەشداری ئیداری لەكەركووك بەسەر سێ نەتەوە سەرەكییەكەی عێراقدا دابەش بكەن، بەڵام ئەوان، ئەو رێككەوتنەی 2009 لە بیرچوویەوە، كە كیگن سەرپەرشتیی دەكرد وكابرایەكی سەپێنراو بوو لە لایەن دەزگای ھەواڵگری سەربازی ئەمەریكایی بۆ چاودێریكردنی ئەو پڕۆژەیە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایە فشار خرایە سەر كورد بۆ ئەو مەبەستە؟ تالەبانی گوتی: بەڵێ، ئەمە فشاری ئەمەریكا بوو لە سەر كورد لە كەركووك، بەڵام وێڕای ئەمەش ھەر لە یەكەم ھەڵبژاردندا كورد سەلماندی، كە كەركووك زۆرینەی كوردە و 26 كورسییمان بەدەستھێنا، كە نزیكەی 63% بوو. دواتریش لە ھەڵبژاردنەكانی دیكە، كە سێ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق كران، لە ھەرسێكیان كورد 8 كورسیان ھێنا. واتە رێژەی 63% سەقامگیر كرا. تەنھا لە دوا ھەڵبژاردندا نەبێت، كە كورد 6 كورسی بەدەستھێنا و 2 كورسی دابەزی ئەویش بەھۆی بەشداری نەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵبژاردنەكانی كەركووك. بەڵام تەنانەت ئەو كاتەی پرۆژەی 32%شیان خستەڕوو، بەشداری كورد لە تەواوی دامودەزگاكانی كەركووك رێژەی 8% دەرباز نەدەكرد، ئێمە ئەوشمان قەبووڵ كرد وەك سەرەتایەك، بەڵام بەو مەرجەی لە كەمترین پۆستەوە بگرین تا بەرزترینیان، كەچی ئەوان قەبووڵیان نەكرد، چونكە ئەوان دەیانویست تەواوی ئیدارەكان و فەەرمانبەرانیش بەدەست خۆیانەوە بێت. تاكو ئێستاش رێژەی بەشداری كورد لە دەزگا ئیدارییەكانی كەركووك نەگەیشتووەتە 41%.
وێڕای، كە پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك (راكان جبووری) ئەو دەسەڵاتە یاساییەی نییە ئەم كارانە لە دەورەوە ئەنجوومەن ئەنجامبدات، بەڵام ئایا حكومەتی عێراق ھیچ دەسەڵاتێكی بەسەر راكاندا نییە یان بەغدا خۆی لە پشت پەردەوە ھانی دەدات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە رێبوار تاڵەبانی گوتی: بێگومان عێراق دەست لە پشتی دەدات و ھێزێكی دەرەكیش ھەیە دەستی لە پشتی دەدات و كەشوھەوایەكی لەباریش ھەیە و بارودۆخەكە لە بەرژەوەندی ئەو دایە، ھەرچەندە خۆی ئەو توانایەی نییە، بەڵام بەكاری دەھێنن و ھەر رۆژێك ھەوەستیان لێبێت لای دەبەن. كۆمەڵێك دۆسیەی گەندەڵییان بۆ ھەڵگرتووە، ھەر كاتێك پێچەوانەی سەرووی خۆی (جا چ شیعە بێت یان سووننە یان حكومەتی ناوچەیی) كار بكات، بە چركەیەك لای دەبەن، بەڵام ئەو ئێستا لەگەڵ ھەوای ھەموویان دەگونجێت و خۆیشی گەمەی خۆی دەكات.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا، كە ئەو زوڵمەی ئێستا لە كەركووكییەكان دەكرێت و كۆمەڵێك حزبی كوردی لە ناو كەركوودا ھەن و ھیچ ھەڵوێستێكیان نییە و ناتوانن دەنگی ناڕەزایش دەرببڕن، كە حاڵیان وایە بۆ چی ناكشێنەوە، ھیچ نەبێت وەك ناڕەزایی دەربڕین؟ تالەبانی گوتی: ببوورە من دبێت لەسەر زمانی وان قسە بكەم، ئەوان وا بیردەكەنەوە، كە خەباتی ساڵەكانی رژێمی سەدام دەكەن، واتە خەباتێكی نھێنی بە شێوازێكی ئاشكرا! ئەوان پێیانوایە بمێننەوە باشترە... بەڵام ئەنجامەكەی چییە؟ دەبێت كار لەسەر ئەنجام بكرێت. بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە لەوان بكرێت. ئەوە بۆچوونی ئەوان بوو، بەڵام لە راستیدا ئەو باردۆخەی ئێستای كەركووك ئاسایی نییە، مانەوە و بەردەوامبوون لەگەڵ ئەو رەوشەدا داننان و رەواییدانە بە رەوشەكە. لە كاتی بۆردومانی ھەڵبجە بە كیمیاوی و لە كاتی ئەنفالەكانی 1988 سەدام كۆمەڵێك بەكرێگیراوی لە كورد و عەرەب و توركمان ھێنایە سەر تەلەڤزیۆنەكان بۆ داننان و رەواییدان بەو كارە تاوانكارییانەی و ھەموویان دانیاننا بە كارەكانی سەدام، ئەگەر بەراوردی لەگەڵ ئەوەی ئێستاش بكەین، ھەر ھەمان شێوەیە، ئەو كارەی عەبادی كردی لە جینۆسایدی دۆزخۆرماتوو و ئەو تۆقاندنەی لە كەركووك كردی، دەبوایە حزبە كوردستانییەكان رەواییان پێنەدابووایە و بە پێچەوانەوە ھەڵوێستیان نواندبا. بەڵام بەداخەوە ئەوان بەشێوەیەكی دیكە بیریان كردووەتەوە. ئەنجامەكەشی دیارە كەركووك بەرەو كوێ دەچێت.