وەزیری تەندروستی: لە دۆخێكی مەترسیدار داین
سبەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە
K24 – ھەولێر
وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، تووشبوون بە كۆرۆنا زیادیكردووە و لە دۆخێكی مەترسیدار داین، سبەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە كوردستان24ی راگەیاند: "رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرزبووەتەوە و لەباری مەترسیداین، دەبێ رێكارەكان توندوتۆڵتر بكرێن، دەبێ جێبەجێكردنی رێنمایی و رێكارەكان جیاوازتربێت لە ماوەی رابردوو".
ئاشكراشی كرد: "سبەی سێشەممە 30/3/2021، وەك لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبینەوە، راسپاردە و پێشنازەكانمان دەبەینە ناو كۆبوونەوە، ئومێد دەكەین رێكارەكان توندتر بكرێن، لە ئێستاشەوە ھەندێك لە پارێزگارەكان دەستیان پێكردووە و لە كۆبوونەوەی ژوورەكانی ئۆپەراسیۆن بڕیاری نوێیان داوە".
سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەی ھاتووچۆ، وەزیری تەندروستی گوتی: "لە سەرەتادا رێكارەكان توندتر دەكرێن، پێش ئەوەی بگەینە قەدەغەی ھاتووچۆ رێكاری دیكە ھەن، دەمانەوێ رێكارەكان كاریگەری نەبێت لەسەر كار و گوزەرانی خەڵك، ئومێد دەكەین ھاووڵاتییان پابەند و پاڵپشت بن، لە ھەر دۆخێكیشدا بڕیاری پێویست بە رەوشەكە دەدەین".
ئەمڕۆ ھەڵمەتێكی دیكەی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە ھەولێر دەستی پێكرد. لەوبارەوە د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا 15 ھەزار و 800 ژەم ڤاكسینی كۆرۆنا (ئهسترازێنیكا)مان لەبەردەستە و بەسەر 46 بنكە دابەشكراوە، لە سەرەتا لەو پزیشك و كارمەندانە دەدرێت كە پێشتر وەریان نەگرتووە، ئێستا ھاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی لینكی ئۆنلاینی وەزارەتی تەندروستی خۆیان ناونووس بكەن بۆ كوتان بە ڤاكسین، لە سەرەتادا ئەولەویەت بە ھێزەكانی ناوخۆ و كەسانی بە تەمەن و ئەوانە دەدرێت كە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە".
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر جەختیكردەوە: "دۆخەكە زۆر مەترسیدارە و ئێستا رێژەی تووشبوون لە سەرووی 10%ـە، ئەمەش بەراورد بە ماوەی پێشتر شەش ھێندە زیادیكردووە و لە بەشی چاودێری چڕ خەریكە ھەموو قەرەوێڵەكان پڕ دەبن".
رۆژی 25/3/2021 كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (ئەسترازێنیكا) گەیشتە ھەرێمی كوردستان كە زیاتر لە 43 ھەزار ڤاكسینە و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان دابەش كرا.
یەكەم كاروانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری سینۆفارم-ی چینی لە 2/3/2021 گەیشته ھەرێمی كوردستان، كە 5 ھەزار پێكوتە بوو، بۆ یەكەمجار رۆژی 4/3/2021 ڤاكسینی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەكارھێنرا، دواتر لە پارێزگاكانی سلێمانی و دھۆك ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی (ئەسترازێنیكا)ی بەریتانی لە 46 بنكەی سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەدەچێت.