وەزارەتی كارەبا راگەیەندراوێكی لەبارەی كوژرانی فەرمانبەرەكەیان بڵاوكردەوە
ئەمڕۆ لە گەراجی وەزارەت تەقەی لێكرا و كوژرا

K24 – ھەولێر
وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی كوژرانی فەرمەنبەرێكیان لەناو گەراجی وەزارەت بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرە یەكێك بووە لە فەرمانبەرە دڵسۆز و بە تواناكانی وەزارەت.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ كاتژمێر 10:18 سەرلە بەیانی رێكەوتی 29/3/2021 لە كارەساتێكی دڵتەزێندا ئەندازیار شادی عەبدوڵڵا فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشكردنی وەزارەتی كارەبا لەكاتی دەوامی فەرمی خۆیدا لەلایەن فەرمانبەرێكی دیكەی وەزارەتی كارەباوە بە دەمانجە كوژرا و لەلایەن پاسەوانەكانی وەزارەتەوە دەستگیركرا و دواتر راستەوخۆ هێزە ئەمنیەكان بكوژەكەیان دەستگیركرد".
ئاماژە بەوەشكراوە: "ئەندازیار شادی عەبدوڵڵا فەرمانبەرێكی دڵسۆز و بەتوانای وەزارەتی كارەبا بوو، سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و بنەماڵە بەڕێزەكەی دەكەین خوا سەبوری كەسوكاری بداتەوە و جێگای بەهەشتی بەرین بێت".