دەستەی كەناڵی سوێس: دوای سەرڕێكردنەوەی كەشتییەكە جوڵەی دەریاوانی دەستیپێكردەوە

ئێستا ئەو كەشتییە بەتەواوی گەڕاوەتەوە سەر دۆخی سرووشتی خۆی لە كەناڵەكەدا

كەشتییەكە دوای سەرڕێكردنەوەی
كەشتییەكە دوای سەرڕێكردنەوەی

K24 – ھەولێر:
دەستەی كەناڵی سوێس، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، جوڵەی دەریاوانی لە كەناڵەكە دەستپێكردووەتەوە، پاش ئەوەی كەشتییە گیرخواردووەكە "ئێڤەرگرین" سەرڕێكرایەوە، كە چەند رۆژێكە كاری دەریاوانی لەو رێرەوە ئاوییە گرنگەدا وەستاندووە.

لە لایەن خۆیەوە راوێژكاری سەرۆكی میسر بۆ دەستەی كەناڵی سوێس و بەندەرەكان، مھاب مەمیش لە لێداوانێكیدا بۆ پێگەی "الیوم السابع" گوتی: ئێستا كەشتییەكە بە تەواوی لەناو ئاوە و سەرڕێكراوە، دوای ئەوەی پیاوانی دەستەی كەناڵی سوێس توانییان لە شوێنەكەی جووڵەی پێ بكەن و جەختیكردەوە، لەوەی ئێستا كەناڵەكە بە تەواوی كراوەیە و ئیتر كەشتییەكە وەك رۆژانی رابردوو رێگر نییە لەبەردەم ھاتووچووی كەشتییەكان لە كەناڵەكەدا.

بەپێی مەمیش، كەشتییەكە لە میانی چەند كاتژمێری داھاتوودا دەخرێتە ژێر پشكنینی تەكنیكی تەواو تا پەسه‌ندی جووڵەكردن و دەربازبوونی پێبدرێت. روونیشیكردەوە، تیمە تەكنیكارەكان كاری پشكنین و بەدواداچوونی كەشتییەكە دەكەن، پێش ئەوەی بە تەواوی جووڵە بكات.
تەلەڤزیۆنی میسریش گوتی: كەشتی "ئێڤەرگرین" بە بەكارھێنانی بزوێنەرەكان بەرەو ناوچەی دەریاچە تاڵەكان جووڵە دەكات.
پێگەی "فیسیل فایندەر" كە تایبەتمەندە بە چاودێریكردنی جووڵەی كەشتییەكان لە كەناڵی سوێس ئاشكرایكردبوو، دوای ھەوڵەكانی دەستەی كەناڵی سوێس لەراكێشان و دەرخستن و سەرڕێكردنەوەی كەشتییەكە، ئێستا ئەو كەشتییە بەتەواوی گەڕاوەتەوە سەر دۆخی سرووشتی خۆی لە كەناڵەكەدا.

سەرچاوەیەك لە كەناڵی سوێس كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ئاژانسەكانی ھەواڵی راگەیاندبوو، لە كاتی ھەوڵدان بۆ سەرڕێكردنەوەی كەشتییەكە لە ناو كەناڵەكەدا رەشەبایەكی بەھێز ھەڵیكرد و جارێكی دیكە كەشتییەكەی خستەوە دۆخی پێشوو و جارێكی دیكە بە پانی كەناڵەكەی داخست، بەڵام داوتر كەشتییە راكێشەرەكان توانییان جارێكی دیكە سەرڕێی بكەنەوە و بكەوێتەوە سەر رێڕەوی دروستی خۆی.

كەشتییەكی بارھەڵگری گەورە بەناوی "ئێڤەرگرین" رۆژی سێشەممەی رابردوو لە كەناڵی سوێس گیریخوارد دوای ئەوەی با پاڵینا و ناچاریكرد بە پانی كەناڵەكە ڕێرەوەكە دابخات و تەواوی ھاتووچووی كەشتییەكان لە كاربخات، ئەمەش بووە مایەی گردبوونەوەی بە سەدان كەشتی لە باكوور و باشووری كەناڵەكە، كە ڕێڕەوێكی گرنگی بازرگانییە.

كەشتییەكە لەكاتی رێگرتن و داخستنی كەناڵەكە
كەشتییەكە لەكاتی رێگرتن و داخستنی كەناڵەكە