بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق واژۆ كۆدەكرێتەوە
بەھۆی ناكۆكی لایەنەكان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی نەدراوە
K24 - ھەولێر
بەگوتەی پەرلەمانتارێكی ھاوپەیمانی فەتح، بۆ تێپەڕاندنی بودجەی گشتی عێراق دەستكراوە بە كۆكردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران.
حامد موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دەست بە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران کراوە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە پڕۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنرێت.
بەبڕوای موسەوی، چوارشەممە یان پێنجشەممەی داھاتوو بە زۆرینەی دهنگ، بودجەی گشتی پەسند دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی پێشوو، هاوپەیمانی فەتح رەتیکردەوە، بەبێ گەڕاندنەوەی نرخی پێشووی دۆلار، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدات.
رۆژی 28/3/2021 كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، بەڵام بەھۆی ناكۆكی لایەنەكان نەتوانرا بودجەی گشتی عێراق پەسند بكرێت.