هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی داوای زیادكردنی هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات

وه‌ین مه‌رۆتۆ: نامانه‌وێت هیچ بۆشاییه‌ك له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان بمێنێت

وەین مەرۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش
وەین مەرۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش

K24 – ھەولێر:

وەین مەرۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، ئەمەریکا لە ساڵی 2015ەوە لەچوارچێوەی رووبەرووبوونەوەی تیرۆر 850 ملیۆن دۆلار هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کردووە و لە هاوکارییەکانیش بەردەوام دەبێت.

تایبەت بە کوردستان24  گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی: "بەرەوپێشچوونی باش لە درووستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هاتووەتە ئاراوە. دەمانەوێت هیچ کەلێنێک نەمێنێتەوە، کە داعش لێیەوە هاتووچۆ بکات و بیقۆزێتەوە، بەرەوپێشچوونی باش بەو ئاراستەیە هاتووەتە دی."

وەین مەرۆتۆ گوتیشی: "لەرێگەی سەنتەرەکانی هەماهەنگی هاوبەشەوە کار لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دەکەین".

روونیشیكردەوە، "لە چوارچێوەی شەری دژی داعش لە 2014ەوە تا ئێستا نزیکەی 5 ملیار دۆلار هاوکاری عێراقمان کردووە. لە 2020 حکومەتی ئەمەریکا 527 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشمەرگەی کردووە، کە 127 ملیۆن دۆلاری لەو پارەیەی وەك پشتیوانی دارایی بۆ لەناوبردنی تیرۆر داوە. لە 2015ەوە تا ئێستا ئەمریکا 850 ملیۆن دۆلاری لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەڵێن پشتیوانی دارایی بۆ رووبەرووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆر داوەتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان".

جەختیشیكردەوە، "لەم هاوکارییە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبین،  ھەروەھا لە پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوکاریکردنیان بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوام دەبین، وەک بینیتان لە چەند رۆژی رابردوو ئۆپەراسیۆنێکمان لە دەورووبەری مەخمور بۆ لەناوبردنی حەشارگە و پاشماوەکانی داعش ئەنجامدا".