دوو كوتلە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان كرد و 3 ماددەش دەنگیان لەسەر دراوە
ئیستاش كۆبوونەوەكە بەردەوامە و تاكو ئامادەكردنی ئەم ھەواڵە 3 ماددە دەنگیان لە سەر دراوە
K24 – ھەولێر:
ئەندامانی ھەردوو كوتلەی ئیتلافی دەوڵەتی یاسا و رێبازی نیشتیمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئیتیحادی بۆ ساڵی 2021 كشانەوە.
سەرچاوەیەكی پەرلەمانی رایگەیاند، ھەردوو كوتلەی ئیتلافی دەوڵەتی یاسا و رێبازی نیشتیمانی لە دانیشتنی دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسا كشانەوە.
سەرچاوەكە گوتیشی: "ھەردوو كوتلەكە ئامادەبوونی خۆیان بە چەند مەرجێك و داوایەك بەستەوە لەوانە لابردنی نرخی دۆلار، و بەشە بودجەی ھەرێم و لابردنی قەرزە دەرەكییەكان و دڵنیاییەكانی سەرەوەری و چەند خاڵێكی دیكەی جێگای ناكۆكی".
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبوویەوە و دەستیكرد بە دەنگدان لەسەر ماددەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئیتیحادی بۆ ساڵی 2021.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتینی خۆی بەست بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئیتیحادی بۆ ساڵی 2021 بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و ئامادەبوونی زیاتر لە 210 ئەندام پەرلەمان.
ئیستاش كۆبوونەوەكە بەردەوامە و تاكو ئامادەكردنی ئەم ھەواڵە 3 ماددە دەنگیان لە سەر دراوە.