عێراق و سعوودیە 5 رێككەوتنیان واژووكرد

محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

K24 – ھەولێر:

بە ئامادەبوونی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق 5 رێكەوتن لە نێوان سعوودیە و عێراق واژووكران.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق. مستەفا كازمی سەردانی ریازی كرد و لە لایەن جێنشینی سعوودیە شازادە محەمەد بن سەمان پێشوازیی لێكرا و دواتر ھەردووكیان كۆبوونەوە و گفتوگۆیان كرد لەبارەی زیادكردنی ھاریكاری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، ھەروەھا باسی دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكەیان كرد.

لە سەر ئاستی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدران و 5 رێككەوتن واژووكران لەبوارەكانی دارایی، بازرگانی، ئابووری رۆشنبیری و راگەیاندن.

شاندەكەی عێراق پارێزگارانی دوو پارێزگەی ھاوسنووری سعوودیە لە خۆ دەگرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كردنەوە دەروازەی سنووری زیاتر لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.

كازمی لە تویتێكدا لە سەر پێگەی "تویتەر" گوتی: ئامانج لە سەردانەكە بەھێزكردنی پەیوەندییەكانە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و درووستكردنی ئاسۆی ھاریكارییە لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە، بە مەبەستی خزمەتكردنی گەلانیان و دابینكردنی سەقامگیری و جەختكردنەوە لە سەر ئاوەدانكردنەوە و تەواوكاری.

باڵیۆزی شانشینی سعوودیە لە عێراق، عەبدولعەزیز ئەلشمەڕی ئەمڕۆ جەختیكردبوویەوە لە سەر ئەوەی سەردانەكەی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە گرنگە و لە كاتێكی گرنگدا دێت و ژمارەیەك مەسەلەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت و چەند رێككەوتنێكیش واژوو دەكرێن.

سەرچاوە: "العربیة نت"