عێراق ئامادە نییە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان پێكبھێنێت

بەھۆی بۆشایی ئەمنی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان خۆی رێكخستووەتەوە

وەزارەتی بەرگری عێراق
وەزارەتی بەرگری عێراق

K24 – ھەولێر:

سەڕەرای چەندین كۆبوونەوەی نێوانیان، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی بەرگری عێراق رازی نییە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم پێكبھێندرێت.

ئەندامێكی لێژنەی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات كە ئەمە بڕیارێكی سیاسییە، بۆشاییە ئەمنییەكەش بووەتە ھۆی ئەوەی مەترسی لەسەر خەڵك لەم ناوچانە درووست بێت.

ھەتا ئێستا چەندین كۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ پێكھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش وەزارەتی بەرگری عێراق رازی نەبووە لەسەر پێكھێنانی ئەم ژوورە ھاوبەشانە،

سەعید ھەركی، ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "ئەم بۆشاییە ئەمنییە ھۆكارە بۆ ئەوەی ھەم داعش و ھەم ھێزە چەكدارەكانی دیكە لەم ناوچانە مەترسی درووست بكەن."

جیا لە بوونی ھەڕەشەكانی داعش لەو ناوچانە، لە چەند رۆژی ڕابردووشدا لەو سنوورانەوە، زیاتر لە 10 كاتیۆشا ئاراستەی ھەرێمی كوردستان كرا و بەبێ زیانی گیانی و ماددی لەنزیك پردێوە كەوتنە خوارەوە. بۆیە عادل كاكەیی، شارەزای سەربازی، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بەگرنگ و  بە چارەسەر دەزانێت.

ھۆكاری رازی نەبوونی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، بڕیارێكی سیاسییە، چونكە تا ئێستا ھێزە چەكدارەكانی عێراق نەیانتوانیوە ئەو ئارامییە لەو ناوچانە بەدی بێنن، كە لەسەردەمی بوونی پێشمەرگە لەم شوێنانە ھەبوو.