وڵاتانی زلهێز و ئێران سبەی كۆدەبنەوە بۆ باسكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی و ئەمەریكاش پێشوازیی لێدەكات

واشنتن: کۆبوونەوەی سبەی و بەشداریکردنی ئێران هەنگاوێکی ئەرێنیە و پێشوازیی لێدەکەین

رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران
رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران

K24 – ھەولێر:

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: سبەی هەینی 2ی/نیسان  چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و رووسیا، بەریتانیا و ئێران لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی کۆدەبنەوە.

لە راگەێندراوێکدا یەکێتی ئەوروپا گوتی: ئامانج لە کۆبوونەوەکە گەڕاندنەوەی ئەمەریکایە بۆ ناو رێککەوتنەکە و پابەندکردنی هەموو لایەنەکانە بە خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکە.

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە پێشتر یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی داوای لە ئەمەریکا و ئێران کردبوو بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کێشەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی چارەسەر بکەن.

ئەمەریکا ئامادەیی خۆی دەربڕی بوو بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئێران رایگەیاندبوو تەنیا بە مەرجی ھەڵگرتنی تەواوی سزاكانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، تاران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.

لە لەیەن خۆیەوە، ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئێران كرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: کۆبوونەوەی سبەی و بەشداریکردنی ئێران هەنگاوێکی ئەرێنیە و پێشوازیی لێدەکەین.

پرایس گوتی: لە گفتوگۆی بەردەوامدا بوون بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکە هەنگاونانە بە ئاراستەی پابەندبوونی تەواو و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی 2015.

بڕیارە رۆژی هەینی 2ی/ نیسانی 2021 وڵاتانی زلهێز و ئێران لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کۆببنەوە.