ئەمڕۆ دوو كاروانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بۆمبی چێنراو كرانە ئامانج لە دوو پارێزگای عێراق
ھەدروو تەقینەوەكە ھیچ زیانێكی گیانی و ماددیان لێنەكەوتەوە
K24 – ھەولێر:
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە راگەیاند، دوو كاروانی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ھەردوو پارێزگای دیوانیە و بابل بە دوو بۆمبی چێنراو كراونەتە ئامانج و پێیاندا تەقیونەتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ئەمڕۆ بەیانی بۆمبێكی چێنراو بە یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی كاروانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا تەقییەوە لە پارێزگای دیوانیە، لەسەر پردی عەفەك، لە سنووری كەرتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دیوانییە، بەبێ ئەوەی ھیچ زیانێكی ماددی و گیانی لێبكەوتەوە و دواتر كاروانەكە لەڕێگای خۆی بەردەوام بوو بەرەو شوێنی مەبەست".
گوتیشی: "ھەروەھا دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆمبێكی دیكەی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی كاروانێكی دیكەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا تەقییەوە لە پارێزگای بابل لە سنووری كەرتی پۆلیسی بابل، بەبێ ئەوەی ھێچ زیانێكی ماددی و گیانیی لێبكەوێتەوە و دواتر كاروانەكە لە سەر رێگای خۆی بەردام بوو.