داوای راگرتنی هه‌موو جووڵه‌یه‌ك له تاران ده‌كرێت
مه‌ترسی هه‌ڵكشانی به‌رده‌وامی شه‌پۆلی چواره‌می كۆرۆنا هه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
عه‌لی ره‌زا زالی، به‌رپرسی یه‌كه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران، داوایكرد، 7 تا 10 رۆژ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی ته‌واو له تاران رابگه‌یه‌نرێت.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی تاران راشیگه‌یاند، مه‌ترسی هه‌ڵكشانی به‌رده‌وامی شه‌پۆلی چواره‌می كۆرۆنا هه‌یه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئێران روونیكرده‌وه، ئه‌و پێشنیازه‌یان خستووه‌ته به‌رده‌ستی وه‌زیری ناوخۆ و سه‌رۆك كۆماری وڵات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو جووڵه‌یه‌ك له تاران رابگیرێت.
گوتیشی: ئێمه له‌به‌رده‌م ره‌وشێكی دژوارداین و 175 نه‌خۆشخانه له تاران هه‌ن، 103 نه‌خۆشخانه‌یان تایبه‌ت كراوون به كۆرۆنا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای تاران بڕیاری داوه 3 هه‌زار یاریگا و ناوه‌ندی وه‌رزشی دابخات و ره‌وشی ته‌ندرووستی تارانی پایته‌ختی به مه‌ترسیدار وه‌سفكردووه.