توركیا ناڕهزایهتی نامهیهك دهداته باڵیۆزی چین له ئهنقهره
"لایەنی چینی بەتوندی دژە و سەركۆنەی ھەر ئاڵنگارییەك دەكات بەرامبەر بە سەروەری چین و یەكێتی خاكەكەی، جا لە لایەن ھەر كەس و ھێزێكەوە بێت"
K24 – ھەولێر:
ئاژانسی "ئەنادۆڵ" ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاویكردهوه، وەزارەتی دەرەوەی توركیا بانگھێشتی باڵیۆزی چینی لە ئەنقەرە كردووە، بە ھۆی "ھەراسانبوون لە بڵاوكراوەكانی باڵیۆزخانەی چین لە سەر پێگە كۆمەڵایەتییەكان".
رۆیتەرز لە دەزگا راگەیاندنەكانی توركیای گواستووەتەوە، باڵیۆزی چین بانگھێشتكراوە بەھۆی "ھەندێك بڵاوكراوە، كە ھەندێك لە سیاسەتوانانی بەرھەڵستكاری كردووەتە ئامانج".
رۆژنامە "زەمان"ی توركیایی ئاماژەی كردبوو، باڵیۆزخانەی چین لە ئەنقەرە "ھەراسانی خۆی پیشاندابوو لە یادكردنەوە یادی 31 ساڵەی كوشتاری بارین، كە سوپای چین لە توركستانی رۆژھەڵات لە مانگی رەمەزانی ساڵی 1990 ئەنجامی دابوو، یادكردنەوەكەش لە لایەن سەرۆكی پارتی خێر، میراڵ ئەكشنار و شارەداری ئەنقەرە، مەنسوور یافاش ئەنجامدرابوو".
باڵیۆزخانەی چین لە ئەنقەرە چریكەیەكی لە سەر پێگەی تویتەر بڵاوكردەوە و گوتی: "ناوچەی (شینگیانگ)ی ئیگۆرهكانی خاوەن ئۆتۆنۆمی، بەشێكی دانەبڕاوە لە چین، ئەمە واقعێكی جیھانییە و جێگای گفتوگۆ نییە".
گوتیشی: "لایەنی چینی بەتوندی دژە و سەركۆنەی ھەر ئاڵنگارییەك دەكات بەرامبەر بە سەروەری چین و یەكێتی خاكەكەی، جا لە لایەن ھەر كەس و ھێزێكەوە بێت".