ههولێر و بهغدا دەست بە گفتوگۆ دهكهنەوە
گفتوگۆکان لەبارەی ئاساییكردنهوهی دۆخی ناوچه كوردستانییهكان دەبێت
K24 – ھەولێر:
لە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستدەکاتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی خاک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.
بەم نزیکانە دەستدەکرێتەوە بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئاسایی کردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، کە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ئەو ناوچانە تێکچووە، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچانە.
عبدولحهکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچون، کە لە ھەمانکاتدا ئەندامی لیژنەکەشە گوتی: "لەماوەیەکى نزیکدا گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە، چونکە بەشێکی پەیوەستە بەخاک و دیموگرافیای ئەو ناوچانە و دەربەدەربوونی سەدان ھەزار ھاووڵاتی کورد".
لە لایەکیدیكەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر هيڵن لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ھەماھەنگی ئەمنی.
شاخەوان عهبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسايیكردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئاشكرایكرد و گوتی: "لە چەند رۆژی داھاتوودا لەگەڵ نەتەوەیەکگرتوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێراق دەستدەکرێتەوە بەگفتوگۆ".
گوتیشی: "تەنھا کێشەی زەویە کشتوکاڵییەکان ماوە چارەسەربکرێت".
بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو شاندی ئەمنی عێراقی جارێکی دیكە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان. تا ئێستاش بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان له بۆشايی ئەمنیدان و بە بەردەوامیش ھەڕەشەی داعشیان لەسەرە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای پەسەندکردنی ياساى بودجەی عێراق، ئەوەی گفتوگۆی لەسەر دەکات لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بابەتی خاکە و ئەو دەستدرێژیانەیه، كه کراوەنەتە سەر ناوچە کوردستانییەکان. بۆ ئەمەش چەند لیژنەیەکی ئەمنی و سیاسی پێکھێناوە، جەختیش لەوە دەکەنەوە، تاکە چارەسەر بۆ ئەو ناوچانە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوورە.