بوومەلەرزە زیانی لە دوو ھەزار خانووی گوندنشینانی مەریوان داوه‌

زیان لێكەوتووانی بوومەلەرزە داوای قەرەبوو لە حكومەت دەكەن

K24 – ھەولێر:

بوومەلەرزەی سێشەممەی رابردوو، زیانێكی زۆری لە گوندنشینانی سەر سنووری رۆژھەڵاتی كوردستان داوە، زیانی گەورە بە زیاتر لە 2 ھەزار خانوو كەوتووە و ھاووڵاتیانیش دەڵێن: توانای درووستكردنەوە و تەنانەت  نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیان نییە، ھەربۆیە داوا لە حكومەتی ئێران دەكەن بە پەلە قەرەبوویان بكاتەوە.

ئارتیكاس ئیقباڵ، قائیمقامی مەریوان گوتی: 2 ھەزار و 292 خانوو زیانیان پێگەیشتووە و 115 خانووش بە تەواوەتی وێران بوونە و دەبێت لە بناغەوە چاك بكرێنەوە".

ھاووڵاتیانی ئەو گوندانە دەڵێن: زیانەكان زۆرترن و داوای یارمەتی بەپەلە دەكەن.

ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5 پۆینت 15 سنووری نێوان باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستانی ھەژاند، كە ناوەندی بوومەلەرزەكە پێنجوێن بوو، لەگەڵ ئەوەش زیانێكی زۆری بەلایەنی كەم بە پێنج گوندی رۆژھەڵاتی كوردستان گەیاندووە. زیانە زۆرەكەش ھی گوندەكانی (جەژنی ئاوا، قوڵقوڵە، میرئاوا و ساوجی)ی سەر بە شاری مەریوانن.

ئەگەرچی بوومەلەرزەكە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام دەیان خانووی وێرانكردووە و زیانی زۆریشی لە سەدان خانووی دیكە داوە. ھەربۆیە ھاووڵاتییە زیان لێكەوتووەكان داوای قەرەبوو لە حكومەتی ئێران دەكەن، بەڕای ئەوان لەو گرانی و قەیرانی ئابوورییەدا زۆربەی گوندنشینەكان توانای درووستكردن و نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیان نیە.