رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: خه‌ڵكێكی زۆرمان له‌سه‌ر ڤیزای ساخته‌ی شینگن ده‌ستگیركردووه
وه‌زیری ناوخۆ: ره‌چاوی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز ده‌كه‌ین و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ به‌و شێوه‌یه نامێنێت
K24 - هه‌ولێر:
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك له‌سه‌ر ڤیزای شینگنی ساخته ده‌ستگیركراون و رێكاری پێویستیش دژی ئه‌و كۆمپانیا و كه‌سانه ده‌گرنه‌به‌ر كه فێڵ له خه‌ڵك ده‌كه‌ن و پاره‌ی زۆریان لێ وه‌رده‌گرن.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 11ی نیسان/ ئه‌پریلی 2021 رایگه‌یاند، دوای نیوه‌ڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌كرێت و راپۆرتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌خرێته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ پێداچوونه‌وه به هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشوو، رێكاره‌كانیش پێداچوونه‌وه‌یان پێده‌كرێت، ره‌چاوی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زانیش ده‌كرێت و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ به‌و شێوه‌یه نامێنێت.
دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، ژیان له‌مانگی ره‌مه‌زان ده‌كه‌وێته دوای به‌ربانگ، بۆیه قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له مانگی ره‌مه‌زان به‌و شێوه‌یه نابێت.
له باره‌ی داخلكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل خواروو، وه‌زیری ناوخۆ رایگه‌یاند، له هه‌ندێك سنوور ئۆتۆمبێلی قاچاخ داخلكراوه و ناتوانن وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ شه‌رعیه‌ت به‌و قاچاخییه بده‌ن و رێكاری توندتر ده‌گرنه‌به‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ره‌نگه رێنمایی تایبه‌ت ده‌ربچێت بۆ داخلكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل خواروو، چونكه له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق داخل ده‌كرێن.
سه‌باره‌ت به پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌ت به كۆنتڕۆڵكردنی خاڵه سنوورییه‌كان، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌ندێك بیروڕای جیاواز هه‌یه له باره‌ی ئه‌و هێزه و براده‌رانی سلێمانی پێیانوایه رێگه‌ی دیكه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، ئه‌گه‌ر نه‌كرا ئه‌وه بێگومان ئه‌و هێزه پێكده‌هێنرێت و ره‌وانه‌ی سنووره‌كان ده‌كرێت.
وه‌زیری ناوخۆ دوپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، هه‌ولێر و به‌غدا له باره‌ی شنگاله‌وه رێككه‌وتنێكیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه و خوشك و برا ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه، به‌ڵام تا ئێستا رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
له باره‌ی په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ خوشك و برایانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن و ئاسانكاری زۆریش بۆ هاتووچۆی ئاواره‌كان كراوه.