حكومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان پێكهێناوه‌

"میلیشیاکان نایانەوێت دۆخی کەرکووك ئاسایی بکرێتەوە"

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانی کوردستان لیژنەی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی (140) پێکھێناوە، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دوای (16ی ئۆکتۆبەر) گرووپ و میلیشیاکان نایانەوێت دۆخی کەرکووك ئاسایی بکەنەوە بۆ درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی تەعریب و داگیرکاری و گەندەڵی.

دوای پەسەندکردنی بودجە ئێستا كاتی گفتوگۆکردنە لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتی بۆ ئەم بابه‌ته‌ پێکھێناوە و دەیەوێت لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (140) دەست بە گفتوگۆ بکات ،سەرۆکی لیژنەی ناوچەکوردستانیەکانیش ئاشكرای كرد، ھەولێر چاوەڕێی بەغدا دەکات بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆکان و لیژنەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیە.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: "لیژنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ناوخۆ پێكهێنراوه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاری بوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، به‌ڵام بۆ بابه‌ته‌كانی مادده‌ی (140) و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان حكومه‌تی فیدراڵی لیژنه‌كه‌ی پێكنه‌هێناوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌، دانووستان له‌سه‌ر مادده‌ی (140) و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌ستپێبكات، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌".

دوای (16ی ئۆکتۆبەر) رۆژ دوای رۆژ دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەت کەرکووك زیاتر تێکدەچێت، ھەوڵ زۆرە بۆ ئاساییکردنەوەی ئەم دۆخە، بەڵام ئەو لایەنانەی دۆخی دوای رووداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەر) لە بەرژه‌وەندیانە، بەردەوامن لە کاری نا یاسایی و تەعریب و داگیرکاری، بۆیە رێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان.

ھیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی گوتی: "هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆی و هه‌رێمی هه‌یه‌، ناویانه‌وێت دۆخه‌ی ناوچه‌كانی مادده‌ی (140) ئاسایی ببێته‌وه‌، مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی به‌ناوی یاساوه‌ له‌ كه‌ركووك ماونه‌ته‌وه‌، كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه‌".

لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك و جێبەجێکردنی ماددەی (140) لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێکھێنراوە، چاوەڕێی پێکھێنانی لیژنەی بەغدان بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆکان، بەڵام گرووپ و میلیشیاکان رێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، چونكه‌ ئەم بۆشاییە ئەمنییە لە بەرژەوەندیاندایه بۆ دریژه‌دان به‌ سیاسه‌تی تەعریب و داگیرکاری و گەندەڵی.

د.ی