"ئەمەریكا ڤاكسین بۆ پێشمەرگە دابین دەكات"

ڤاكسین بە 31 ھەزار پێشمەرگە دەدرێت

ڤاكسین
ڤاكسین

K24 - ھەولێر

بریکاری وەزارەتی تەندروستی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بڕیارە ئەمەریکا ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ 31 هەزار پێشمەرگە دابین بکات. سەبارەت بە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە هاووڵاتیانیش، ئاشکرایکرد، لە سبەی رۆژی دووشەممەوە پرۆسەی پێدانی ڤاکسینی فایزەر لە سلێمانی و کۆیە دەستپێدەکات.

د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی گوت: "بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پێشمەرگە لە ھەولێر، لەلایەن ئەمەریكاوە ڤاكسین بۆ 31 ھەزار پێشمەرگەی لیوا ھاوبەشەكان دابین دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو بڕە ڤاكسینەی جۆری فایزەر كە بۆ ھەرێمی كوردستان نێردرابوو لە ھەولێر تەواو بووە و سبەی لە سلێمانی و كۆیە دەست بە پێدانی دەكرێت بە ھاووڵاتییان، ڤاكسینی ئەسترازینیكاش لە قۆناغی كۆتایی دایە، بەمنزیكانەش چەند كاروانێكی دیكەی ڤاكسین دەگەنە عێراق و ھەرێمی كوردستان".

د. رەهێڵ فەرەیدوون، ئاشكراشی كرد: "لەگەڵ كۆمپانیا سیۆفارم لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بكەین و راستەوخۆ ڤاكسین بھێنرێتە ھەرێمی كوردستان، ھەنگاومان ناوە بۆ گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان".