ئیدارەی بایدن: ھیچ سازشێك بۆ ئێران ناكەین
سۆلیڤان: سزاكان ھەڵناگیرێت تا نەگەینە ئەو بڕوایەی ئێران بەتەواوی گەڕاوەتەوە سەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكە
K24 – ھەولێر:
ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن جەختیكردەوە، نیازی "پێشكەشكردنی ھیچ سازشێكی نییە" بۆ تاران لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی تا ئێران وەڵامی خواستەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان نەداتەوە.
راوێژكاری كۆشكی سپی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، جەیك سلۆڤان لە لێداوانێكیدا بۆ كەناڵی "فۆكس نیوز" ئەمڕۆ یەكشەممە گوتی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان سزاكان ھەڵناگرێت" لەسەر ئێران تا ئەو كاتەی دەگاتە ئەو بڕوایەی كەوا تاران "بەتەواوی گەڕاوەتەوە سەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكە" و ھەندێك لەو خواستانەی لایەنی ئەمەریكا خستوویەتیەڕوو؛ جێبەجێكراون.
سۆلیڤان گوتیشی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان ھیچ سازشێك ناكات تا نەگەینە ئەو بڕوایەی، كە ئەو كارانە روودەدەن".
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە، ڤییەنا بەسەرپەرشتی یەكێتی ئەوروپا میوانداری گفوگۆكان دەكات لە بارەی چۆنییەتی رزگاركردنی رێككەوتنەكە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2018 لە میانی ماوەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنەكە كشایەوە و زۆر سزای قورسی بەسەر لایەنی ئێرانی سەپاند و لە وەڵامدا ئێران لە ساڵی 2019 پابەندییەكانی خۆی بە رێككەوتنی ئەتۆمی كەمكردنەوە.
گفتوگۆكانی فەرمی لە نێوان ئێران لە لایەك و رووسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە لایەكی دیكەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەكێتی ئەوروپا پێشتر رایگەیاندبوو، كەوا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشدارە لەو گفتوگۆیانە و شاندەكە لە ھوتێلێكی نزیك نیشتەجێن، بەڵام بێ ئەوەی ھیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی ھەبێت، كە رەتیدەكاتەوە دانوستان لەگەڵ ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن ئەنجامبدات؛ پێش ھەڵگرتنی سزاكان.
دوێنی شەممە، دوای كۆتاییھاتنی گەڕی دووەمی گفتوگۆكانی لیژنەی ھاوبەش بۆ بەدواداچوونی رێككەوتن لە سەر جێبەجێكردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانی، عەباس عراقچی رایگەیاند، "گفتوگۆكان باشن" لەبارەی ئەنجامی چالاكییەكانی ھەردوو تیمی كاركردن لە بارەی ھەڵگرتنی سزاكانی ئەمەریكا و پابەندییەكانی ئەتۆمی، ئاماژەشیكرد "تێگەیشتنێكی نوێ ھەیە" لە نێوان لایەنەكاندا.