روونكردنەوەیەك لە ئەنجوومەنى سەركردایەتی كەركووك ـ گەرمیانى  پارتى دیموكراتى كوردستان

پارتی داوا دەكات لێكۆڵینەوەى ورد بە بەشدارى پارتی لە ژێر چاودێری (UN) لە بابەتەكە بكرێت

كەركووك (پەیكەری پێشمەرگە)
كەركووك (پەیكەری پێشمەرگە)

K24 – ھەولێر:

لە روونكردنەوەیەكدا سەركردایەتی كەركووك ـ گەرمیانى  پارتى دیموكراتى كوردستان وەڵامی پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركوك بەوەكالەت (راكان سعید)ی دایەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردوون. ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

دەقی روونكردنەوەی سەركردایەتی كەركووك ـ گەرمیانى  پارتى دیموكراتى كوردستان:

لە چاوپێكەوتنێكی پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركوك بەوەكالەت (راكان سعید) جارێكی تر تۆمەتى خستووه‌تەوە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوەی، كە چەند تەرمێك لە بارەگای ئەنجوومەنى سەركردایەتى كەركوك ــ گەرمیان دۆزراوەتەوە (4) چوار رۆژ  پاش خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەر).

لێرەدا بۆ رای گشتى رایدەگەیەنین، كە ئەو تۆمەتە هیچ جۆرە بنەمایەكى نییە و دوورە لە راستییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان واقعی سەربازی سەپێندراوى قەبووڵ نەبووە و لەو كاتەوە تاكو ئێستا هیچ كات پارتیمان ئەو پارێزگارە سەپێندراوە نا یاسایی و نا دەستووریەى بە پارێزگار نە ناساندووە و بەهیچ شێوەیەك مامەڵەى لەگەڵ نەكردووە و هەر بۆیەش ئەم جۆرە تۆمەتانە درووست دەكات.

بارەگاكانى پارتیمان بارەگاى حزبی سیاسییە و چالاكی سیاسی تێدا ئەنجام دەدرا، لە دواى خیانەتى (16ی ئۆكتۆبەر) پارتیمان لە كەركووك نەبووە و بارەگاكانمان داگیركراون و بوونى تەرم لەو شوێنە ئەگەر هەبوبێت هیچ پەیوەندییەكى بە پارتیمانەوە نییە.

بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دواى داگیركردنى بۆ ماوەیەك ببووە شوێنى گرتن و ئەشكەنجەدانی كەوادر و لایەنگران و ئەندامانى پارتیمان.

لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆر لێدوانە نا بەرپرسانە وێراى ئەوەى بە توندى ئەو جۆرە تۆمەتانە رەتدەكەینەوە، دەبێت رێكارى یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ناوبراو، داواش دەكەین لێكۆڵینەوەى ورد بە بەشدارى پارتی لە ژێر چاودێری (UN) لە بابەتەكە بكرێت. ئێمە باش دەزانین، كە ئەم قسە و تۆمەتانە بۆ رێگرى كردن و درووستكردنى كۆسپە بۆ گەڕانەوەى پارتیمان بۆ شارى كەركووك.

لێرەدا رایدەگەیەنین راكان حەز بكات یان حەز نەكات با لەوە دڵنیا بێت، كە پارتى بۆ كەركووك دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارە نایاساییەش بەم شێوەیەى ئێستا نامێنێت.