رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه، هه‌لێكی باشی بۆ تیرۆریستان درووست كردووه
"له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له گفتوگۆ داین و لێكتێگه‌یشتنی باش له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هه‌ماهه‌نگی هه‌یه"

K24 - هه‌ولێر:
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (20ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021) رایگه‌یاند، ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه، هه‌لێكی باشی بۆ تیرۆریستان درووست كردووه، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له گفتوگۆ داین و لێكتێگه‌یشتنی باش له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هه‌ماهه‌نگی هه‌یه.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: "له چه‌ند رۆژی رابردوو هێرش كرایه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه ده‌كه‌ین و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئه‌و لایه‌نه كێیه ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییه‌ی كردووه و له چ ئاراسته‌یه‌كیشدا هاتووه، ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه له‌و هێرشه‌دا، به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه، كه ئه‌مه‌ش كارێكی تیرۆریستییه".
گوتیشی: "هه‌رچه‌ند ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه له سنووری هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی و هاوپه‌یمانان باسی ئه‌وه‌مان كردووه، كه له رێگه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه رێگری له‌و جۆره كرده‌وه تیرۆریستییانه بكرێت".
سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی شنگال، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هیچ به‌ره‌و پێشچوونێك له باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه نییه، ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا له شنگالن، هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ن كه پێشوو له‌وێ بوون، هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه نه‌نراوه، داوا له حكومه‌تی فیدراڵی و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، تا رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێبكرێت".
وه‌زیری ناوخۆی روونیكرده‌وه، هه‌بوونی گرووپی چه‌كداری ده‌ره‌كی زیانی زۆری له هاووڵاتیانی هه‌رێم داوه، ئه‌و هێرشانه‌شی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، په‌یوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی ده‌ره‌كین".
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، جه‌ختی كرده‌وه، پێویسته ئه‌و كێشانه له سنووری هه‌رێمی كوردستان دوور بخرێنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی ده‌كرێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، داوا له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، كێشه‌كه له هه‌رێمی كوردستان دوور بخه‌نه‌وه.
وه‌زیری ناوخۆ ئاشكرایكرد، "ئه‌و بۆشاییه‌ی له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق هه‌یه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، هه‌لێكی باشی بۆ تیرۆریستان درووست كردووه، هه‌موو ئه‌و گرووپانه‌ی شێوازی تیرۆریستان ده‌گرنه‌به‌ر بۆ به‌ئامانجگرتنی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراقیش، سوودیان له‌و بۆشاییه ئه‌منییه وه‌رگرتووه".
ئاشكراشیكرد، حكومه‌تی هه‌رێم له گفتوگۆی راسته‌وخۆدایه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، له رووی گفتوگۆوه پێشكه‌وتنی باش هه‌بووه، به‌ڵام له رووی واقیعییه‌وه هیچی جێبه‌جێ نه‌بووه.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئێمه به‌رده‌وامین له‌و گفتوگۆیانه، ئومێدیشمان به حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی هه‌یه، تا له‌م هه‌نگاوه بێته پێشه‌وه، لێكتێگه‌یشتنی باش له ئاستی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كان هه‌یه، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه، ئه‌و ژووره‌ی هه‌ماهه‌نگییه له نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق درووست ده‌كرێت، تا بتوانن كاری خۆیان بكه‌ن و چیدی تیرۆریستان نه‌توانن سوود له‌و بۆشاییه ئه‌منییه وه‌ربگرن.
د.ی