ئهفسهرانی خانهنشینی ئیسرائیل هۆشداری دهدهنه بایدن
"بڕیارەكەی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن بەخشینی شادەماری ژیان بە ئێران"
K24 – ههولێر:
زیاتر لە دوو ھەزار ئەفسەری خانەنشینی ئیسرائیلی لە نامەیەكدا كە "كۆڕبەندی بەرگری و ئاسایشی ئیسرائیل" ئاراستەی كۆشكی سپیی كردووه هۆشداری دایه ئیدارهی بایدن له بارهی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
لە نامەكەدا ئەفسەران نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە ھەوڵەكانی واشنتن و ژمارەیەك لە دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ چالاككردنهوهی رێككەوتنی ئەتۆمی، كە ئەمەریكا لەسەردەمی سەرۆكی پێشووی، دۆناڵد ترەمپ لێی كشایەوە، راشیانگەیاندووە، "ئێران بە شێوەیەكی راشكاوانە و ئاشكرا ھەوڵ دەدات ئیسرائیل وێران بكات".
جەختیشیانكردەوە، "رێگەگرتن لە ئێران لە دەستبەركردنی توانای درووستكردنی چەكی ئەتۆمی كارێكی سەرەكییە بۆ رێگەگرتن لە روودانی كارەسات".
ھەروەھا تێڕاوانینیان وایە "بڕیارەكەی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن بۆ بەخشینی شادەماری ژیان بە ئێران ھەڕەشەی لەبنبردنی سەقامگیری ناوچەكە دەكات، لە دوای رێككەوتنە مێژووییەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و بەحرێن و ئیمارات".
"كۆڕبەندی بەرگری و ئاسایشی ئیسرائیل" ژمارەیەكی زۆر لە جەنەڕاڵەكانی سوپا و ئەفسەرانی پلە باڵا لە ئاژانسەكانی ھەواڵگری و شاباك و چەندین دەزگای دیكەی ئەمنی دەگرێتە خۆی.