ئەڵمانیا.. پڕۆژهیاسایهكی تایبهت به خۆپارێزی له كۆرۆنا مشتومڕی ناوهتهوه
بەپەسەند کردنی دەستی حکومەت واڵا دەبێت بۆ وەرگرتنی رێکاری زۆر توند و بەگوێرەی یاسا بەرامبەر ئەو کەسانەی پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان نابن
K24 – ھەولێر:
حکومەتەکەی ئەنگێلا مێرکڵ پڕۆژە یاسایەکی بۆ ئەگەری تێکچوونی دۆخی تەندرووستی وڵاتەکەی رەوانەی پەرلەمان کردووە. بەپەسەند کردنی دەستی حکومەت واڵا دەبێت بۆ وەرگرتنی رێکاری زۆر توند و بەگوێرەی یاسا بەرامبەر ئەو کەسانەی پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان نابن و پاڵپشت بەو یاساییە رێکارەکان دەسەپێنرێن.
پڕۆژەکە ناوی "وەستانی لەناکاو"ە، ئەگەر دۆخی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار کار بەم یاساییە دەکرێت و وەزیری تەندرووستی داوا دەکات پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت.
یێنس سپان، وەزیری تەندرووستی ئەڵمانیا گوتی: "ئێستا، کە بەم دۆخە سەختەدا تێدەپەڕین، هیوادرم بتوانین بڵێین لە کۆتا قۆناغی پەتاکەداین، ئەگەر پێکەوە هاوکاربین، رێکارەکانی خۆپارێزی توند بکرێن و پشکنین بکرێت و لەسەروو هەمووشیانەوە دابینکردنی ڤاکسین خێرا بکرێت. دواتر دەتوانین وڵاتەکەشمان بکەینەوە و هەمووشت ئاسایی بکەینەوە ئەوە شتێکە هەمووان دەیانەوێت بەڵام پێویستە ئەم شەپۆلەی کۆرۆنا تێپەرێنین، بۆیە داواتان لێدەکەم ئەم پرۆژە یاسایە پەسەند بکەن".
سەرۆکی پارتی ئەڵتەرنایتڤی ئەڵمانی رەخنەی لە مێرکڵ گرت و گوتی: "هەر بابەتێک خۆی بیەوێت دەڵێت: ئەوەی جێگەی گفتوگۆ نیە..".
ئەلێکساندەر گۆلان، سەرۆکی پارتی "ئەی ئێف دی" گوتی: "بۆ من ئەم کۆبوونەوەیە وەک کۆبوونەوەکانی دیکەیە و کۆمەڵێک کەسی شارەزا و پسپۆڕیان هێناوە و قسەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە. ئەگەر راوێژکاری ئەڵمانیا پێیوایە قسەکردن لەسەر ڤایرۆس جێگەی گفتوگۆ نیە، سبەی دوور مەبینە کە باسی کەشوهەواش بێتە پێشەوە بڵێت ئەوەش جێگەی گفتوگۆ نیە. من پێموایە رێکارەکانی خۆپارێزی باشن بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی بێت".
پڕۆژە یاساکە بە دوو رۆژ دەنگی لەسەر دەدرێت و بڕیارە 22ی ئەم مانگە پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی یەکلایی بێتەوە. ئەگەر پەسەند بکرێت تا کۆتایی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە هەر 16 هەرێمەکەی ئەڵمانیا جێبەجێدەکرێت.