فەرماندەیەكی پاسداران بە میلیشیاكانی سەر بە تاران ھەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات

"ئێمە باڵی سەربازیمان لە شوێنە جیاجیاكانی جیھان ھەیە"

فەلاح زادە جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێرانی
فەلاح زادە جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێرانی

K24 – ھەولێر:

فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێرانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھەڕەشەی لە ئیسرائیل كرد بەو میلیشیایانەی سەر بە تارانن و نزیكن لە سنوورەكانی ئیسرائیل.

ئەو فەرماندە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "ئێمە باڵی سەربازیمان لە شوێنە جیاجیاكانی جیھان ھەیە".

ھەڕەشەكە لەسەر زاری عەمید فەلاح زادە، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران ھات و گوتی: "دەبێت قەوارەی زایۆنیزیمی داگیركەر بزانێت، گرووپەكانی بەرگری لە گشت ناوچەكانی جیھان لە تەنیشت بارەگا سەرەكییەكانیان ھەن".

لەلایەكی دیكەوە، چەند سەرچاوەیەكی سەربازی ئیسرائیلی رایگەیاند، "تەلئەڤیڤ بازنەی لێدانی ئامانجە ستراتیجییەكانی ئێرانی لە سووریا بەرفراوان دەكات".

سوپای ئیسرائیل جەختیكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە مووشەكێكی زەوی-ئاسمانی، كە لە نێو خاكی سووریاوە ھەڵدرابوو لە ناوچەی نەقەب لە باشووری ئیسرائیل كەوتە خوارەوە. ئاماژەشیكرد، وەڵامی ھێرشەكەیان دایەوە.

گوتەبێژ بەناوی سوپای ئێسرائیلی، ئەفێخای ئەدرەعی لە تویتێكدا لە سەر پێگەی تویتەر نووسیی: "ھێزەكانمان چاودێری مووشەكێكی زەوی- ئاسمانیان كرد لەناو خاكی سووریاوە بە ئاراستەی ئیسرائیل و لە ناوچەی نەقەب كەوتە خوارەوە. وەك وەڵامدانەوە ھێزەكانمان ھێرشیان كردە سه‌ر ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی مووشەكەكەی لە سووریاوە ئاراستە كردبوو، ئەمە جگە لە چەندین سیستەمی مووشەكھاوێژی زەوی- ئاسمانی دیكە لە نێو خاكی سووریا كرانە ئامانج.

فەلاح زادە دووشەممەی رابردوو پۆستی جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران وەرگرت دوا بەدوای مردنی عەمید محەمەد حجازی.