ئەمەریکا بۆ یەکەمجار و وهك یەکەم وڵات پلانی دارایی تایبەت بە کەشوهەوا رادەگەێنێت
بایدن: هەماهەنگی گەشەپێدانی ئابووری پابەندە بەوەی تا ساڵی 2040 رێژەی گازە دەردراوەکان بگەیێنینە سفر
K24 – ھەولێر:
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە لوتکەی سەرکردەی وڵاتان تایبەت بە کەشوهەوا رایگەیاند، ئەمەریکا بۆ یەکەمجار و وەك یەکەم وڵات پلانی دارایی تایبەت بە کەشوهەوا رادەگەێنێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا گوتی: "ئەم دۆخەی لەم کاتەدا ئێمەی تێیداینە پێویستیی بە دەستوبردە. تەنیا نیەت و قسەی باش بەس نیە، پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی بودجەی بۆ دابین دەکرێت لە کەرتی گشتی و تایبەتدا".
بایدن گوتی: "بۆئەوەی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و دەرفەتی کاری پێ برەخسێنین و ئابووری خۆمان لە جیهانی سەلامەتدا بەهێز بکەین، بۆ یەکەمجار ئەمەریکا پلانی دارایی تایبەت بە کەشوهەوا رادەگەێنێت. هەماهەنگی گەشەپێدانی ئابووری پابەندە بەوەی تا ساڵی 2040 رێژەی گازە دەردراوەکان بگەێنینە سفر. لە سەرەتای 2023ەوە بەڕێژەی %33 وەبەرهێنانەکان بە ئاراستەی پاراستنی کەشوهەوا زیاد دەکەین، بهمهش ئەمەریکا دەبێتە یەکەم وڵات ئەم هەنگاوە بنێت".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا لووتکەی وڵاتانی جیهان تایبەت بە کەشوهەوای رێکخست و بە بەشداری 40 سەرکردەی جیهان و لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەرێوەدەچێت لە 22 و 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی هۆکارەکانی گەرمبوونی کەشوهەوای گۆی زەوییە.
سەرکردەی وڵاتان و سەرۆکی ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان بەتایبەتی دەیانەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکاری پێویست بگیرێتەبەر، لەلایەن زانایان و ژینگەناسانەوە هۆشداری دەدرێتە سەرکردەی وڵاتان لە بهردهوامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی، هێڵی سووریش بریتیە لە بەرزبوونەوەی 1 پۆینت 5 پلەی سیلیزی پلەی گەرمای گۆی زەوی، ئێستا پلەی گەرمی گۆی زەوی 1 پۆینت 2 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و تەنیا چەند پۆینتێك ماوە بۆ تێپەراندنی ئەو هێڵە سوورە.