د. سامان بەرزنجی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی تەندروستی عێراق دەربڕی
لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا وەزیری تەندروستی هەرێم پەیوەندییەکی بە وەزیری تەندروستی عێراقەوە کرد.

K24 - هەولێر
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی (ئیبن خەتیب) لە بەغدا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق ئەنجامدا و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهانەوەچوون و هاوکاریکردنی تیمەکانی تەندروستی بەغدا نیشاندا.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "دوای رووداوی سوتانی نەخۆشخانەی (ئیبن خەتیب) لە شاری بەغدا و مردنی ژمارەیەک نەخۆش و هاووڵانی نەخۆش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی د. حەسن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ کرد، لەبارەی هۆکار و دەرەنجامەکانی ئەم رووداوە و رێکارەکانی ئەنجامدراو گفتوگۆیان کرد، وەزیری تەندروستی هەرێم وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆئەم رووداوە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیان، ئامادەیی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پشاندا بۆ بەهاناوەچوونی هەر پێداویستیەک و هاوکاریکردنی تیمەکانی پزیشکی و ئامادەباشی وەرگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان".
ئاماژە بەوەشکراوە "وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی و هەماهەنگی کرد بۆ هەر هاوکاریەک کە پێویست بێت".
شەوی رابردوو 24/4/202 بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی ئۆکسجین و ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، لە ناوچەی رەسافەی بەغدا، 27 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.