حکومەتی عێراق شەش ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی دهۆکی خەرجکرد

''شەش ملیاری دیکەش لە چەند رۆژی داهاتوو بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت''

K24- دهۆک:

حکومەتی عێراق 6 ملیار دیناری پارەی جوتیارانی پارێزگای دھۆکی رەوانەکرد و بڕیارە دەست دابەشکردنی بکرێت.

نازم محەمەد عەلی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی دانەوێڵەی پارێزگای دھۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، حکومەتی ناوەندی 6 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی 2020ی رەوانەی بانکی داسنیای دھۆک کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بەسەر جوتیاران دابەش بکرێت.

سەبارەت پرۆسەی دابەشکردنی پارەکەش، بەڕێوەبەرەکە رایگەیاند، گوژمەی پارەکە بەسەر ھەرسێ سایلۆی شێخان، فەیدیێ و زاخۆ دابەشکراوە و بڕیارە رادەستی خاوەنەکانیان بکرێت.

بەڕێوبەری دانەوێڵەی دھۆک راشیگەیاند، بێجگە لەو شەش ملیارەی کە گەیشتووە، حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی شەش ملیاری دیکەشی داوە و چاوەرێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داھاتودا ئەو بڕە پارەیەش بگاتە بانکەکانی دھۆک.

H.J