پێشنیازی کردنەوەی بەنزینخانەی حکومی دەکرێت
تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی دەبێت

K24 - هەولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازی کردنەوەی بەنزینخانەی حکومی دەکات بۆ کەمکردنەوەی فشاری سەر بەنزینخانەکان و دروستکردنی سەرچاوەیەکی نوێی داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی نیسان/ ئەپرێلی 2021) لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی کوالێتی بەنزین و بەرزبوونەوەی بەهای بەنزین کۆبوونەوە، "گولیزار رەشید"، جێگری سەرۆکی لیژنەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، پێشنیازی کردنەوەی بەنزیخانەی حکومیمان داوەتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی، لە رێگای پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە.
هاوکات گرانبوونی نرخی بەنزین بووەتە جێگای نیگەرانی هاوڵاتیان بەپێی گوتەی "گولیزار رەشید" هەوڵێک هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین.
لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە پرسی رێگەنەدان بە هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دەوروبەرەوە، "هەڤال ماهی" بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کوردستان24 گوتی: هیچ رێگرییەك لە هاوردەکردنی بەنزین نییە و هەر بڕێکی بەنزین ئەگەر بەپێی کوالێتی سامانە سروشتییەکان بێت، رێگای پێدەدرێت بێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
م.هـ