كازمی لەگەڵ رێكخەری كۆشكی سپی باسی كشانەوەی "ھێزە شەڕكەرەكانی ئه‌مه‌ریكای" كرد

جەختكرایەوە لەسەر كاراكردنی دەركەوتەكانی دانوستانی ستراتیجی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا

سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا،برێت مەكگۆرك
سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا،برێت مەكگۆرك

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ شاندێكی ئەمەریكا باسی كشانەوەی "ھێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا"ی لە عێراق كرد و داوای لە شاندەكە كرد ئەمەریكا ھاریكاری عێراق بكات لە بەگەڕخستنی ھەندێك دەزگای تەندرووستی.

بەپێی راگەیاندراوێكی حكومەتی عێراق، كازمی پێشوازیكردووە لە رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، برێت مەكگۆڕك و راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، دێریك شۆلێت و یاردەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، جۆی ھێد و جێگری یاردەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دانا سترۆل.

لە دیدارەكەدا باس لە ھەماھەنگی و ھاریكاری ھاوبەش كرا لە بوارە جیاجیاكاندا و جەختكرایەوە لەسەر كاراكردنی دەركەوتەكانی دانوستانی ستراتیجی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە كشانەوەی ھێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا لە عێراق و پێشخستنی ھاریكاری و بەرفراوانكردنی لە بوارەكانی ئابووری و رۆشنبیری و بازرگانی.

ھەروەھا لەو دیدارە عێراقییە ئەمەریكاییە باس لە بوارەكانی تەندرووستی و لەناوبردنی پەتای كۆرۆنا و ھاریكاریكردن بۆ دابینكردنی پشتیوانی بۆ بەگەڕخستنی ھەندێك لە دەزگا تەندرووستییەكان لە عێراق.

ئەم شاندەی ئەمەریكا، ھەر ئەمڕۆ پێشتر لەگەڵ ھەر یەك لە بەرھەم ساڵح سەرۆكی عێراق و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەجیا كۆبوونەوە.