دادگایەكی بەلجیكا 20 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر دیپلۆماتكارێكی ئێرانیدا سەپاند

ئەمە یەكەم جارە دیپلۆماتكارێكی ئێرانی بە تۆمەتێكی پەیوەست بە تیرۆرەوە دەچێتە بەردەم دادگا.. حكومه‌تی بەلجیكا دڵنیایی داوە لەوەی ئەسەدی بە زیندانییە رۆژئاواییە ده‌ستگیركراوه‌كان له‌ ئێران ئاڵوگۆڕ ناكرێت

دیمتری دی بیكۆ، پارێزەری ئەسەدی
دیمتری دی بیكۆ، پارێزەری ئەسەدی

K24 – ھەولێر:

دادگای بەلجیكا، ئەمڕۆ چوارشەممە حوكمی كۆتایی به‌ سه‌پاندنی سزای زیندانیكردن بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ به‌سه‌ر دیپلۆماتكارێكی ئێرانیدا ده‌ركرد، به‌تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە فەرەنسا.

ئاژانسی "فرانس پرێس" جەختیكردەوە، ئەم حوكمە كۆتاییە، ئەمڕۆ لە دادگایەكی شاری ئەنتویرب دەرچووە دژ بە دیپلۆماتكاری ئێرانی، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، كە پێشتر لە مانگی شوباتی رابردوو بە ھەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كارێكی تیرۆریستی تۆمه‌تبار كرا، دوای راگەیاندنی پووچەڵكردنەوەی پلانێك بۆ تەقاندنەوەی كۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی نیشتیمانی بەرگری ئێرانی"ی ئۆپۆزیسیۆن لە نزیك پاریس لە حوزەیرانی ساڵی 2018.

تویتی رۆیتەرز

ئاژانسی رۆیتەرز لە دیمتری دی بیكۆ، پارێزەری دیپلۆماتكارە تاوانبارەكەی گواستییه‌وه‌، كە گوتوویەتی: موكیلەكەی بڕیاری داوە تانە لە حوكمەكە نەدات و سزاكەی خۆی جێبەجێبكات، ھەرچەندە دانی نەناوە بە تایبەتمەندی دادگای بەلجیكا بۆ حوكمدان لە سەری.

پارێزەرەكە ئاماژەیكرد، ئەسەدی لە ئەڵمانیا دەستگیركرا و رادەستی بەلجیكا كرا بۆ دادگاییكردن، پارێزبەندی دیپلۆماسیشی ھەبوو، چونكە كۆنسولی سێیەم بوو لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤییەننا.

لای خۆیەوە پارێزری داواكاری گشتی، جۆرج ئۆنرێ بوتیە، بۆ رۆژنامەنووسان جەختی كردەوە، لەلایەن حكومه‌تی بەلجیكاوە دڵنیایی دراوە لەوەی ئەسەدی بە زیندانییە رۆژئاواییەكانی ئێران ئاڵوگۆڕ ناكرێت، ئاماژەشی بە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە نێوان دەسەڵاتی دادوەری و سیستەمی سیاسی كرد.

دادگای بەلجیكا سوورە لەسەر ئەوەی ئەسەدی تۆڕێكی ھەوڵگری ئێرانی بەڕێوەدەبرد و بەپێی فەرمانەكانی ئێران رەفتاری دەكرد.

لە سەرھەڵدانی شۆرشی ئێران لە ساڵی 1979، ئەمە یەكەم جارە دیپلۆماتكارێكی ئێرانی بە تۆمەتێكی پەیوەست بە تیرۆرەوە دەچێتە بەردەم دادگا.