سوپای ئەمەریكا لە ئاسمانەوە پشتیوانی ھێزەكانی ئەفغانستانی كرد لە بەرپەرچدانەوە ھێرشی تاڵیبان
وێڕای هاوكارییهكانی ئهمهریكا، چهكدارانی تاڵیبان دەستیانگرتووە بەسەر ناوچەی بۆركا لە ویلایەتی بەگلان لە باكوور ئهفغانستان
K24 – ھەولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسانی حكومەتی ئەفغانستان رایانگەیاند، فڕۆكە جەنگییهكانی ئەمەریكا لە ئاسمانەوە پشتیوانیان لە ھێزەكانی ئەفغانستان كردووە لە بەرپەرچدانەوەی ھێرشە گەورەكەی تاڵیبان لە باكووری وڵاتدا، كە ھاوتەریبە لەگەڵ بەردەوامبوونی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چهكدارانی تاڵیبان توانییان دەست بەسەر ناوچەیەكدا بگرن لە باكووری وڵات.
لە كۆتایی ھەفتی رابردوودا، شەڕێكی توند، لە ویلایەتی ھەڵمەند لە باشووری ئهفغانستان دهستیپێكردووه، كە ھاوكاتە لەگەڵ بە فەرمی كشانەوەی ئەو ھێزە ئەمەریكایانەی ماون لە ئەفغانستان.
بەپێی رێككەوتنی ئەمەریكا و تاڵیبان لە ساڵی رابروو، پێویست بوو ھێزەكانی ئەمەریكا لە 1ی ئایارەوه بە تەواوی كشابانەوە، بەڵام واشنتن دوایخست بۆ 11ی ئەیلوول/سێپتەمبەر، ئەم ھەنگاوەش چەكدارانی تاڵیبانی تووڕە كرد.
عەتیقوڵڵا، كە بەرپرسێكی حكومەتە لە ناوچەكەدا گوتی: "بۆردومانە ئاسمانییە سەختەكانی ئەمەریكا بۆ سەر پێگەكانی تاڵیبان، رێگریی لێكردن لە چوونەپێش بەرەو عەسكەرگاھ".
گوتیشی: "بۆردوومانەكه زۆرسەخت و خەست بوو، چەندین ساڵ بۆردومانی لەو جۆرەم نەدیوە".
سەرۆكی ئەنجوومەنی ویلایەتی ھەڵمەند، عەتائوڵڵا ئەفغانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ھێزەكانی تاڵیبان ھەندێك پێشكەوتنیان بەدەستھێنابوو؛ بەڵام ھێزەكانی حكومەتی "ئەو ناوچانەی جاریكی دیكە بەدەستھێنایەوە".
گوتیشی: "نزیكەی چوار رۆژە تاڵیبان ھێرەشەكانی خۆی لە گشت ناوچەكانی ھەڵمەند چڕكردووەتەوە".
بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا جەختیكردەوە لەوەی پشتوانی ئاسمانی پێشكەش بە ھێزەكانی حكومەت دەكەین.
لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس روونیكردەوە، سوپای ئەمەریكا بەردەوامە لە "ھێرشە ئاسمانییەكانی" بۆ پشتیوانیكردنی ھێزەكانی حكومەت لە ھەڵمەند و ھەندێ ناوچەی دیكەی وڵات.
وێڕای ئەمەش، پۆلیس رایگەیاند، تاڵیبان دەستیانگرتووە بەسەر ناوچەی بۆركا لە ویلایەتی بەگلان لە باكووری وڵات.
گوتەبێژ بەناوی پۆلیسی بەگلان، جواد بەشرات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ھێزەكانی ئەمەریكا "لە پاشەكشەكردنێكی تەكتیكی دانە" بەڵام بەنیازە ھێرشی دیكە ئەنجامبدات بۆ ئازادكردنەوەی ناوچەكە.
بەھەزاران كەس لە باشوور لە ماڵەكانیان رایانكردووە و بەرەو عەسكەرگاە رۆیشتوون لە ئەنجامی شەڕەكاندا.
جەلاب شاھ گوتی: "تاڵیبان لەدەرگای ماڵەكانیان داین و داوایان لێكردین بڕۆین، تەنانەت رێگایان پێنەداین رۆژووەكانیشمان بشكێنین.
گوتیشی: "ئەو شەڕە ئێمەی كردووە بە ڕەوەند".
حاجی شیرین رایگەیاند، شەڕ لە نێوان تاڵیبان و ھێزەكانی حكومەت كەوتە شەقامەكان.
گوتیشی: "ناچاربووین شەو لە ژێرزەمین خۆمان حەشار بدەین، بەیانی خێزانهكهم بردە شاری عەسكەرگاھ و تەنانەت نەمانتوانی جلەكانیشمان بەرین".
سەرچاوە: فرانس پرێس