بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا: ئەوانەی باسی سەروەری یاسا دەکەن دەیان دۆسییەی کوشتن و لێدانی رۆژنامەنووسانیان هەیە
''پلانێک هەیە بۆ شکاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم''
K24- هەولێر:
بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان و بە سیاسیکردنی هەندێک بڕیار بە کوردستان24ـی راگەیاند: ''ئەوەی ئێستا روودەدات، تای هەڵبژاردنە و دەستی دەرەکیی لە پشتە. نموونەش بۆ ئەمە، ماوەی چوار ساڵە هەوڵی شکاندنی شکۆی پەرلەمان دەدەن، پێشتریش پەلاماری سەرۆکایەتیی هەرێمیان دابوو''.
راشیگەیاند: ''بە ژمارە قسەدەکەم، ئەو ئازادییەی لە هەولێر و دهۆک هەیە، لە سلێمانی و تورکیا و ئێران نییە. چەند رۆژنامەنووس لێرە لێیدراوە و کوژراوە و چەند کەناڵ سووتاوە و چەندیش لە سلێمانی ئەنجامدراوە''.
دەپرسێت: ''کێ بوون ئەوانە لە ئاسۆس هەردی و رێبین هەردییان دا، کێ بوو هەڕەشەی لە ئەحمەد میرە کرد و کێ فریای کەوت، ئەو کات کاک نێچیرڤان بارزانی چووە هاواری. کێ دوو جار ئێن ئاڕتی سووتاند، کێ ئامانج و لانەی تیرۆر کرد؟ کێ کاوە گەرمیانی تیرۆر کرد؟ کێ بەکر عەلی تیرۆر کرد؟ کێ لەیلا عەلی تیرۆر کرد، کێ عەبدوڵای قەسرێی شەهید کرد؟''.
ئاماژەی بەوەشکرد: ''بۆچی ئەو حزبانەی ئێستا بوونەتە پاشکۆ بۆ بەرژەوەندی هەڵبژاردن، هیچ لەبارەی ئازادی و ئەو کەیسانە ناڵێن؟''.
بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا رایگەیاند: ''دژایەتیی حکومەت دەکرێت چونکە دەیەوێت دادگاکان بڕیاردەر بن و بۆ دامەزراوەکان بگەڕێینەوە، نەک مەجیلیسی عەشایەریی''.
راشیگەیاند: ''ئەو حزبەی باسی یاسا دەکات، بە چ یاسایەک ئەندامانی داعشی لە کەرکووک ئازاد کرد؟ ئەوانەی لە پەرلەمان بۆ لێبڕینی مووچە فیکەیان لێدەدا، زۆنەکەی خۆیان کە 33٪ پیشەسازی عێراقی تێدایە، 26٪ باج دەداتە حکومەت، ئەگەر ئەوان باجەکە بدەن، حکومەت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش دەکات''.
لەبارەی سزادراوانی پەکەکەش گووتی: ''ئەو کەسانە نەک رۆژنامەنووس نین، کارەکانیشیان هیچ پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنووسییە نەبووە. دادگاییشکراون و پارێزەری خۆیان هەبووە و هەموو بەڵگەکانیان لە دادگا هەیە و ئەندام پەرلەمانەکان دەتوانن بچن بەدواداچوون بکەن. ئەمە تەنها موزایەدەی سیاسییە و دەیانەوێت دامەزراوەکانی هەرێم بشکێنن. هەر ئەو کەسانەش دەیکەین کە داوایان دەکرد بچینەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا''.