وەزارەتی پەروەردە وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ئاشکرا کرد

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی پەسندکردووە

قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - ئەرشیف
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی ئاشکرا کرد.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە قەزای زاخۆ گوتی: "بڕیارە لە 16/5/2021 پرۆسەی خوێندن دەست پێبکەینەوە، لەو بڕوایەدام یەکەم رۆژی وەرزی هاوین کۆتا رۆژی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها تاقیکردنەوەکانە لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە گرتنەبەری رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پەسند کراوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە دابینکردنی ئامێری فێنکەرەوە بۆ قوتابخانەکان بەردەوام دەبین، هەرچەندە پرۆسەی خوێندن ماوەیەکی کەمیشی لە وەرزی گەرمادا دەمێنێت".

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، ئالان حەمە سەعید ئەوەی خستەڕوو: "ئەوەی پێمان کرابێت لە ماوەی رابردوو هەوڵمانداوە بەدیبهێنین، هەرچەندە دۆخەکە بێ کەموكوڕی نابێت، بەڵام سەلامەتی گیانی قوتابیان و مامۆستایان لای ئێمە گرنگتر بووە. لە ئەنجومەنی وەزارەت گفتوگۆی جددیمان کردووە، ئەگەر کۆرۆنا رێگە بدات بۆ ساڵی ئایندە چۆن بتوانین قەرەبووی قوتابیان بکەینەوە و تواناکانیان بنیات بنێینەوە".