رێوڕەسمی جەژن لە مزگەوتەکان دەستیپێکردەوە

بەهۆی کۆرۆنا ساڵی رابردوو نوێژی جەژن لە مزگەوتەکان نەکرا

رێورەسمی جەژنی رەمەزان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان
رێورەسمی جەژنی رەمەزان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – هەولێر

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ساڵی رابردوو نوێژی جەژن لە مزگەوتەکان نەکرا و خەڵکیش کەمتر سەردانی یەکتریان دەکرد، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێوڕەسمی جەژنی رەمەزان لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی دەستیپێکردەوە.

پەیامنێرانی کوردستان24 لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، لە دوای کاتژمێر 5ی بەیانییەوە رێوڕەسمی نوێژی جەژن لە مزگەوتەکان دەستیپێکرد، و زۆربەی هاووڵاتییان پابەندن بە رێنمایی و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

مامۆستا ئیدریس بەرواری، وتاربێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "پێشتر بە هاووڵاتییانمان راگەیاندووە کە روودەکەنە مزگەوتەکان پابەندی رێنماییەکان بن، هەرکەسێک دەبێ بەرماڵی نوێژ لە ماڵەکەی بێنێ و ماسک ببەستێ، هەروەها دەبێ مەدوای نێوانیان هەبێت لەکاتی نوێژنکردن و دانیشتن لە مزگەوت، تاڕادەیەکی باش خەڵک پابەندی رێنماییەکانە".

راشیگەیاند: "پاراستنی خۆت و خەڵک ئەرکێکی ئایینیە، بۆیە پێویستە لەسەر هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بن و کەمتر سەردانی ماڵی یەکتر بکەن".

نوێژخوێنان لە مزگەوتەکان، جگە لە گەردەن ئازایی لە یەکتر، نزا بۆ ئاشتەوایی و پاراستنی کوردستان و کۆتاییهاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن.