عێراق بۆ جاری سێیەم گاز ھەناردە دەكات

"بۆ بەكارخستنی وێسگەكانی كارەبا سودی لێ دەبینین"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بۆ جاری سێیەم گازیان ھەناردە كردووە و بڕیاریشە ئاستی بەرھەمھێنانی گاز لە كێڵگەكانی باشووری عێراق بەرز بكەنەوە.

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە: "بۆ جاری سێیەم بڕی 20 ھەزار مەتر چوارگۆشە گازی چڕمان ھەناردەكردووە و بڕیاریشە ئاستی بەرھەمھێنانی گاز لە كێڵگەكانی باشووری عێراق بەرزبكەینەوە".

وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "لەسەرەتای مانگی ئازارەوە تا ئێستا، ئەمە سێیەم كاروانی گازە ھەناردەی دەكەین". بەڵام ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشكرا نەكردووە كە گازیان بۆ ھەناردە كردوون.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "ئەم گازە لە بەرھەمھێنانی كێڵگە نەوتیەكانی باشووری عێراقە و جگە لە ھەناردەكردن و فرۆشتنی بۆ بەكارخستنی وێسگەكانی كارەبا سودی لێ دەبینین و ھەرەوەھا پێداویستیە ناوەخۆییەكانیشی پێ دابین دەكەین".