وەزیری پەروەردە وادەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان ئاشکرا دەکات

ئالان حەمە سەعید: قوتابیانی 9 بنەڕەتی لەناو قوتابخانەکانی خۆیان تاقیکردنەوە دەکەن

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند دۆخی قوتابخانەکان باشە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش هەوڵیانداوە ئامێری فێنککەرەوە بۆ قوتابخانەکان دابین بکات. ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی ئەو خشتەیەی کە داندراوە، 22ی حوزەیران تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەکات.

ئالان حەمە سەعید، بە کوردستان24ی گوت: "لە 16ی ئەم مانگەوە دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە و بەشێوەیەکی گشتی دەوامی قوتابخانەکان باشە، لە چەند رۆژی رابردوو پلەی گەرما بەرزبووەوە، توانیومانە تاڕادەیەکی باش ئامێری فێنکەرەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابین بکەین، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک لە سەرمایەداران هاوکاری وەزارەتی پەروەردەیان کردووە".

گوتیشی: "بەپێی خشتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەزمونەکانی وەزارەتی پەروەردە، بڕیارە 22/6/2021 تاقیکردنەوەی قوتابیانی پۆلە ناکۆتاکان و قۆناغی 9ی بنەڕەتی دەستپێدەکات".

وەزیری پەروەردە روونیکردەوە: "ئەمساڵ تاقیکردنەوەی قوتابیانی پۆلی 9ی بنەڕەتی لە قوتابخانەکانی خۆیان و بە ستافی مامۆستاکانی خۆیان دەبێت".

Fly Erbil Advertisment