"هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە فەللوجە گیریان خواردووە"

"مەترسییەکی گەورەی مرۆیی دروستكردووە"

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی زانیارییەكانی خاچی سووری نێودەوڵەتی ھەزاران ھاووڵاتی لە شارۆچكەی فەللوجە بەھۆی ھێرشی ھێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعشەوە گیریان خواردووە.

کاسرینا ریتز، سەرۆکی لیژنەی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێڕاق بە میدیاكانی رایگەیاند: "نیگەرانین لە چارەنووسی هەزاران هاووڵاتی کە لە فەللوجەدا گیرییان خواردووە و بە دەست هێرشەکانی سوپای حکوومەت و ملیشیاکان و چەکدارانی داعشەوە دەناڵێنن".

دوێنێش ستیڤان دۆجارێك گوتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەگوێرەی ئامارەكانیان 50 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە فەللوجەدا ماونەتەوە کە مەترسییەکی گەورەی مرۆیی دروستكردووە.

پێشتر حەیدەر عەبادی، فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق لە پەیامێکدا، داوای لە خەڵکی فەللوجە کردبوو، لە بنکەکانی داعش نزیك نەکەونەوەو هەوڵبدەن لە شارەکە بێنەدەرەوە یاخود لە ماڵەکانییان بمێننەوە.

دوێنێ 23ی ئایاری 2016، سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەللوجەی لە ژێر دەستی داعش دەسپێكرد، بە گوتەی فەرماندە باڵاكانی سوپای عێراق بەشێك لە شارۆچكەكەیان رزگاركردووە.

شارۆچکەی فەللوجە لە سەرەتای ساڵی 2014وە کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام فەللوجە هێشتا لە بندەستی داعشدایە و شارۆچکەکە بە پێگەیەکی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە عێراق.